ڤیدیۆی سەگێك بەڕاددەیەکی زۆر بەتۆڕە
کۆمەڵایەتییەکانی چیندا بڵاوبووەتەوە کەناوی "دوە دوە"، بەتەنها دەچێت
بۆ بەقاڵ و میوە و سەوزە دەکڕێت، تەنانەت داوای کەمکردنەوەی نرخیش دەکات.
تۆڕی تەلەفیزیۆنی ناوخۆیی چینی وتوویەتی، "دوە دوە دڵی دانیشتووانی ئەو
ناوچەیەی بەدەستهێناوە کە تێیدا دەژی، چونکە دەتوانێت بەتەنها بازاڕی بکات".
بەگوێرەی میدیا ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتەش، سەگەکە دەچێتە بازاڕی سەوزە و
میوە و پێویستییەکان هەڵدەبژێرێت و فرۆشیارەکان بۆی دەخەنە ناو سەبەتەیەکەوە،
دواتر فرۆشیارەکە پارەکە لەناو سەبەتەکەیدا هەڵدەگرێت و باقییەکەی دەداتەوە.
لە هەندێك کاتیشدا ئەگەر بزانێت ئەو پارەیەی داوییەتی بەرامبەر بەو میوەیەی
دەیبات زۆربووە، واز لە فرۆشیارەکە ناهێنێت تا زیاتری پێدەدات یان داشکاندنی بۆ
دەکات.