ھۆکارەكانی چەوری جگەر و چارەسەرەکانی چین؟

AM:08:31:24/01/2022

29468 جار خوێندراوەتەوە

دکتۆر عارف گۆران پسپۆری ڕاوێژکاری نەخۆشییەکانی ھەناو ئاماژەی بە دیارترین هۆکارەکانی چەوری جگەر کردووە و چارەسەرەکانیشی خستووەتەڕوو.

بەگوێرەی وتەی ئەم پسپۆڕە، کحول ھۆکارێکی سەرەکی ھەوکردنی جگەرە و دەکرێت لە ماوەیەكی درێژدا ببێتە بە ریشالبوون و پەک کەوتنی جگەر، لێرەدا باس لە حاڵەتی هەوکردنی جگەری نا کحولی دەکات، بەم جۆرە:

١. لە دۆخی ئاساییدا، بڕێكی زۆر كەم، یاخود چەوری لە جگەر نابینرێت، ھەندێک کەس چەوری زیادە لە جگەریدا کۆدەبێتەوە، کە لای خەڵک بە چەوری جگەر دەناسرێت، ھەر کاتێک ٥—١٠٪‏ لە کێشی جگەر بوو بە چەوری، ئەو كاتە بە حاڵەتی چەوری جگەر دەناسرێت.

٢.لە بەشێکی زۆری وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا نزیکەی ٢٥٪‏ ی دانیشتوان حاڵەتی چەوری جگەریان ھەیە، تەنانەت بەشێکی زۆر لەو کەسانە ئاگادارنین، كە ئەو چەوریەیان ھەیە.

٣. چەوری جگەر لای زۆربەی کەسەکان ھیچ نیشانەیەک دروست ناکات و زۆربەی حاڵەتەکان بە ڕێکەوت لە رێگەی پشکنینی خوێن یاخود سۆنار، کە بۆ مەبەستی نەخۆشیەكی تر بۆ كەسەكە دەكرێت، دەردەكەوێت.

٤. بەشێکی کەم لەو نەخۆشانەی چەوری جگەریان ھەیە تووشی ھەوکردنی جگەر دەبن، لەو کاتانەدا لە پشکنینی خوێندا ئەنزیمەکانی جگەر بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزدەبنەوە و بۆی ھەیە وا لەنەخۆشەكە بکەن ھەست بە ماندووبوون و سك ئێشە بكات.

٥. بەشێکی کەم لەو نەخۆشانەی کە بەشێوەیەکی توند تووشی ھەوکردنی جگەر دەبن بۆی هەیە لەماوەیەكی درێژدا دووچاری ریشاڵبوونی جگەر ببن، کە ئەمەش حاڵەتێکی ترسناکە و ئەگەر نەخۆشەکە چارەسەر وەرنەگرێت بۆی ھەیە ببێتە پەککەوتنی جگەری، لەو حاڵەتەشدا کۆمەڵێک نیشانە لە نەخۆشەکە دەردەکەوێت و دەبێت لە نزیکەوە لەژێر چاودێری پزیشکی پسپۆر چارەسەری بۆبکرێت.

٦. چەوری جگەر زیاتر لەو کەسانەی، کە کێشیان زیادە یان قەڵەون، بە تایبەت لەو کەسانەی ورگیان گەورەیە بەدیاردەكەوێت، هەروەھا ھەندێک نەخۆشی تر هەیە ئەگەری تووشبوون بە چەوری جگەر زیاد دەکات، وەك نەخۆشی شەکرە و ئەو نەخۆشانەی چەوری خوێنیان بەرزە، بە تایبەت چەوری سیانە (Triglycerides) .

٧. ھەوکردنی جگەر بەھۆی چەوری جگەر زیاتر لەو كەسانە بەدیاردەكەوێت، كە لەنێوان تەمەنی ٤٠—٦٠ ساڵیدان، هاوكات ئەو منداڵانەش، كە كێشیان زیادە و قەڵەون ئەگەری تووش بوونیان بە چەوری جگەر هەیە.

تێبینی کراوە ئەو کەسانەی قەڵەون و بە شێوەیەکی خێرا کێشیان دادەبەزێنن، ئەگەری تووش بوونیان بە چەوری جگەر هەیە.

٨. چارەسەری چەوری جگەر پەیوەستە بە گۆڕانکاری لە ژیانی نەخۆش، نەخۆش دەبێت لە پاڵ وەرزش، پەیڕەوی سیستمێكی خواردنی تەندروست بکات، ئەوانەی کێشیان زۆرە بەتایبەت ورگیان هەیە، دەبێت ھەوڵ بدەن بە شێوەیەکی تەندرووست کێشیان داببەزێنن، بەشێوەیەك لەهەفتەیەكدا لەنیو بۆ یەک کیلۆ زیاتر نەبێت، ئەوانەی نەخۆشی شەکرەیان ھەیە ، دەبێت بەشێوەیەکی باش شەکرەكەیان کۆنتڕۆل بکرێت، ئەو نەخۆشانەی چەوری خوێنیان بەرزە بۆی ھەیە پێویستیان بە دەرمان بێت بۆ دابەزاندنی چەوری سیانە، لە زۆربەی ھەرە زۆری حاڵەتەکاندا دوای پەیڕەوکردنی رجیمێکی خواردنی تەندروست و دابەزاندنی کێش، چەوری جگەر و مەترسیەکانی نامێنێت.

٩. تا ئێستا دەرمانێکی دیاریکراو بۆ چارەسەری چەوری جگەر نیە ، بەڵام دەکرێت جۆرێک لەو دەرمانانەی بۆ نەخۆشی شەكرە بەكاردەهێنرێت،بۆ بەشێك لەو نەخۆشانەش بەكاربهێنرێت كە تووشی هەوكردنی جگەر بوون، دیارە ئەوەش دەبێت لەژێر چاودێری پزیشکی پسپۆردا بێت .