زیانەکانی خواردنەوە گازییەکان بۆ منداڵان

PM:04:33:09/01/2022

6424 جار خوێندراوەتەوە

پسپۆرێکی بواری خۆراک ئاماژەی بە زیانەکانی خواردنەوە گازییەکان کردووە بۆ منداڵ، کە هۆکارە بۆ کەمکردنەوەی ئارەزووی خواردنیان و فشەڵبوونی ئێسکیان.

کامەران رەسوڵ ژاژڵەیی پسپۆڕی زانستی خۆراک لەو بارەیەوە زیانەکانی خواردنەوە گازییەکانی لەسەر تەندروستیی منداڵان خستووەتە ڕوو، ئەوانیش:

یەکەم: کەمکردنەوەی حەز و ئارەزووی خواردن، ئەمەش هۆکارە بۆ بەدخۆراکی منداڵ.

دووەم: زیادبوونی ئەگەری شکاویی ئێسک و درز، بە هۆی بوونی گۆگرد لەناو ئەو خواردنەوانەدا، چونکە ڕێگە دەگرێت لە هەڵمژینی کانزای کالسیۆم.

سێیەم: بوونی ماددەی کافایین کاریگەریی خراپی لەسەر مێشکی منداڵان هەیە، دەبێتە هۆی کەمی ئاسن و کەمخوێنی لە منداڵدا.

چوارەم: تێکچوونی ئاستی شەکرەی خوێن، زۆر خواردنەوەیان دەبێتە هۆیزۆری کیش و ئەگەری قەڵەوی و توشبوون بە نەخۆشی شەکره.

پێنجەم: بوونی ماددەی ئەسپارتایم لە کۆلای دایت کە کاریگەریی نێگەتیڤی هەیه لەسەر مێشک و کوێرەگلاندەکان.

شەشەم: کلۆربوونی ددان و خورانی چینی مینای ددانەکان.

حەوتەم: فەشەڵبوونی ئێسک و ئێسکە نەرمە.

هەشتەم: تێکچوونی خەو و شەونخوونی.

نۆیەم: زیادبوونی چالاکی و جووڵەی منداڵ .

ئەو پسپۆرە ئاشکرایکردووە، ئەم زیانانە لە کاتی خواردنەوەی زۆری خواردنەوە گازییەکان دەردەکەوێت بۆ نمونە ئەگەر هەموو ڕۆژێک یان دوو ڕۆژ جارێکلێیان بخورێتەوە، ئەم زیانانە زیاتر دەبن ئەگەر کوالیتی ئەو خواردنەوانە وەک ستانداردی جیهانی نەبن و شوێن و شێوازی هەڵگرتن و پلەی گەرمی هەڵگرتنیان پێچەوانەی ستانداردی جیهانی بن.

ئ.ل