چۆنیەتی ئامادەکردنی یاپراخێکی بەتامی کەلەرم

PM:12:30:06/01/2022

4432 جار خوێندراوەتەوە

یاپراخ یەکێکە لەو خۆراکانەی زۆر کەس ئارەزووی خواردنی دەکەن، بە سڵق و گەڵامێو چەند جۆری جیاواز ئامادەدەکرێت.

لێرەدا چۆنییەتی ئامادەکردنی یاپراخی کەلەرم دەخەینە ڕوو:

پێداویستییەکان:

کەلەرم

گۆشتی سور پەراسووەکەی

سەلکێک پیازی وردکراو

برنجی خڕ

بیبەری سووری هاڕڕاو

دوو کەوچکی چێشت دۆشاوی تەماتە

تەماتەی لەڕەندە دراو

نیو دەسک مەعدەنوس و کەرەوزی جنراو

خوێ بەپێی پێویست

کەوچکێکی زەڵاتە بیبەری ڕەش

ئاوی گۆشت

کەوچکێک سرکە

ڕۆن

شێوازی ئامادەکردنی:

سەرەتا کەلەرمەکان لە یەکتر جیا دەکرێتەوە و دەشۆرێتەوە، دواتر لە مەنجەڵێک ئاودا سرکە و خوێی تێدەکرێت کەلەرمەکان دەکرێتە ناوی و دەخرێتە سەر ئاگر تاکو زەرد دەبێت، پاشان دەکرێتە سوزگییەکەوە تا کاتی ئامادەکردنی کەرەستەکانی تر.

گۆشتەکەی بۆ دەکوڵێنرێت و ئاوی گۆشتەکە دەگیرێت و بە جیا لە دەفرێکدا دادەنرێت، پاشان برنجەکە لە دەفرێکدا دەشۆرێتەوە و خوێ و دۆشاوی تەماتە و بەهاراتەکەی تێکەڵدەکرێت.

کەرەوز و مەعدەنوس و پیازەکە لە ناو ڕۆندا لە تاوەیەکدا سوردەکرێنەوە، دواتر دەخرێنە ناو برنجەکە و تەماتە لە ڕەندە دراوەکەشی تێدەکرێت و بەجوانی تێکدەدرێت.

کەلەرمەکە دەتوانرێت بکرێت بە چوار پارچەوە و برنجەکەی تێبکرێت و بپێچرێتەوە، سەرەتا لە بنی مەنجەڵەکەدا نیوەی گۆشتەکە دادەنرێت دواتر کەلەرمەکان بە ڕیز دادەنرێن، لە ناوەڕستدا ڕیزێکی تر لە گۆشتەکە دادەنرێت، پاشان هەموو کەلەرمەکە دەپێچرێتەوە و ئاوی گۆشتەکە و کەمێک ڕۆنی تێدەکرێت و دەخرێتەسەر ئاگرێکی مامناوەند.

دوای کوڵانی دادەگیرێت و لەسەر سینییەک ڕۆدەکرێت، لەگەڵ سەوزە و دۆ و نان پێشکەشدەکرێت.

تێبینی: دەتوانرێت بەپێی ئارەزوو کەرەستەی تر بۆ یاپراخەکە زیاد بکرێت وەکو باینجان و کولەکە و تەماتە و بیبەر و پەتاتە و پیاز، واتە بەهەمان شێوەی یاپراخی سڵق کەرەستەی بۆ زیادبکرێت.