ئایا زنجیرەی گەردەلوول جارێکی تر تۆماردەکرێتەوە؟

AM:09:12:01/12/2021

32840 جار خوێندراوەتەوە

جەلیل زەنگەنە، هەتا ستەم هەبێت گەردەلول بەردەوام دەبێت و گەردەلوول لای من کۆتایی نەهاتووە.

جەلیل زەنگەنە دەرهێنەری زنجیرە درامای گەردەلوول لەمیانەی بەشداریکردنی لەبەرنامەی ٣٦٠ ی  "کەناڵی ئێن ئارتی" بەم جۆرە باسی بەردەوامی زنجیرە دراماکە دەکات.

جەلیل زەنگەنە دەڵێت" گەردەلوول لای من کۆتایی نەهاتووە، بەشی یەک، بەشی دوو، بەشی سێیەم کە تا ساڵی ١٩٨٣ رۆشتووین، گەردەلوولی چوار و پێنج لەساڵی ١٩٨٣-١٩٨٤ دەستپێدەکات وباسی مەنع تەجەولکەشی تێدایە، هەروەها باسی هەموو رووداوەکانی دیکەی وەک ئەنفال و کیمیابارانەکانی تێدایە کە هەموو کوردستانی گرتەوە، لەبەر ئەوە گەردەلوول بەردەوامە، هەتا ستەم هەبێت گەردەلول بەردەوام دەبێت".

گەردەلوول درامایەکی تەلەڤیزیۆنییە، کە لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٥ بۆ ٢٠١٣ سێ بەشی لێ بەرھەمھێنرا. لەلایەن سیناریۆنووس و دەرھێنەر جەلیل زەنگەنە کاری نووسین و دەرھێنانی بۆ کراوە. زنجیرەکە تا ئێستا سێ وەرزی لێ بەرھەمھێنراوە کە وەرزی یەکەم و دووەمی ٥٠ زنجیرە بوو و وەرزی سێیەمی ٦٠ زنجیرە بوو و بۆ یەکەم جار لە کەناڵی کوردسات پەخش کرا و دواتر ھەر یەکێک لە کەناڵەکانی خاک، کەرکووک، گەلی کوردستان، عیراقییە و چەندین ماڵپەر پەخشیان کرد،بە وتەی جەلیل زەنگەنە، ئەو کاری لەسەر وەرزە نوێکانی ئەو زنجیرەیە کردووە. چیڕۆکی دراماکە باسی مێژووی خەباتی باشووری کوردستان لە شاخ و ژیانی خەڵک لە سەردەمی دەسەڵاتی ڕژێمی بەعس دەکات. درامای گەردەلوول بە یەکێک لە پڕبینەرترین دراماکان لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق دادەنرێت، و دیارترین ھونەرمەندەکانی کورد لەو درامایەدا بەشدارییان کردووە و دراماکەش چەندین خەڵاتی گەورەی بەدەست ھێناوە.

ر.ئ