سێ حاڵەتی دەگمەنی لەدایکبوونی منداڵ لە میسر ئاشکرا کران

PM:02:21:24/11/2021

25376 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکارێکی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون لە میسر ئاماژەی بە سێ حاڵەتی دەگمەنی منداڵبوون کردووە، کە لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا ئەو شایەتحاڵی لەدایکبوونی منداڵەکان بووە.

بەگوێرەی رۆژنامەی مەرسەدی میسری، حامد سەید حامد راوێژکاری نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون لە شاری ئەقسەر لە میسر رایگەیاندووە، شایەتحاڵی لەدایکبوونی سێ منداڵی بووە کە حاڵەتی هەر سێکیان دەگمەن بووە، یەکێک لە منداڵە تازە لەدایکبووەکان پێستی نەبووە، بە جۆرێک لە ٪٢٠ی جەستەی بە پێستێکی زۆر تەنک داپۆشراوە، لە کاتی داستلێداندا بە ئاسانی هەستی پێدەکرا، کە ئەوەش نەخۆشییەکی دەگمەنی پێستە و لە نێوان ملیۆنێک منداڵی تازە لەدایکبوودا یەکێکیان توشی دەبێت.

ئەو پزیشکە ئاماژەی بەوەکردووە، چەند هەفتەیەکی پێشتر منداڵێک کە خۆی بەشداریی نەشتەرگەریی لەدایکبوونەکەی کردووە بەبێ سک لەدایکبووە، تا ئەو کاتەی مردووە چاودێریی منداڵەکەی کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا منداڵێکی تر لەم ماوەدا لەدایکبووە کە مووەکانی قژی سپی بووە و چاوەکانی شین بوون.

ئەو پزیشکە وتی "دڵنیاتان دەکەمەوە کۆمەڵگەکەمان پێویستی بە بەرنامەی هۆشیارکردنەوە هەیە بەتایبەت لە بابەتی هاوسەرگیریکردندا، هۆشداریی دەدات لە هاوسەرگیریکردن لەگەڵ خزمدا، کە بە یەکێک لە هۆکارەکانی لەدایکبوونی منداڵی شێواو و نەخۆش دادەنرێت".

ئ.ل