گرنگیدان بە ددان تەنیا لە شۆردنی بەیانیان و
ئێواراندا خۆی نابینێتەوە، بەڵکو لە کاتی هەندێک خۆراکیشدا گرنگە ددانەکان بشۆرێن
یان ئاگاداریی شێوازی خواردنەکە بیت بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی شکانی ددانەکان و
هەوکردنی پوک.
ماڵپەڕی دی دەبلیوی ئەڵمانی لەو بارەیەوە
ئاماژەی بە ١٠ خۆراک کردووە کە هۆکارن بۆ هەوکردنی پوک و کلۆربوونی ددانەکان،
ئەوانیش:
یەکەم: چەرەسات، هەوکردنی پوک دروست دەکات
چونکە لەنێوان ددانەکان بەجێدەمێنێت، هەر بۆیە گرنگە لە دوای خواردنی ددان بشۆرێت.
دووەم: ئاوی لیمۆ بە گەرمی بخورێتەوە، ماددە
ترشییەکەی ناوی توندتر دەبێت و زیان بە مینای ددان دەگەیەنێت و هۆکاری توشبوونیشە
بە هەستیاری.
سێیەم: سەهۆڵ، هەندێک کەس ئارەزووی خواردنی
سەهۆڵ دەکەن کە زیان بە مینای ددان دەگەیەنێت و هۆکارێکیشە بۆ شکان و کلۆربوونی
ددانەکان.
چوارەم: خواردنەوە وزە بەخشەکان، بڕێکی زۆر
شەکری تێدایە لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا کلۆربوونی ددان و هەوکردنی پوک دروست دەکات.
پێنجەم: خواردنی مێوژ لەگەل شوکولاتە، هۆکارن
بۆ کلۆربوونی ددانەکان چونکە بڕی شەکر تییاندا بەرزە.
شەشەم: شیرینییەکان، بەهۆی زۆری ئاستی شەکر
تیایاندا هەوکردنی پوک و کلۆربوونی ددانی بەدوادا دێت، هەربۆیە لەدوای خواردنیان
ددانەکان بشۆرێن باشترە.
حەوتەم: چپسی پەتاتە، ڕێژەی نیشاستەی تیایدا
بەرزە و شەکری تێدایە و لە نێو ددانەکاندا دەمێنێتەوە کە هۆکارە بۆ هەوکردنی پوک و
کلۆربوونی ددانەکان.
هەشتەم: گەنمەشامی، پزیشکان هۆشداریی لە خواردنی
گەنمەشامی دەدەن کە بۆ پوک و ددانەکان مەترسیدارە، چونکە دەچنە نێوان ددانەکان و
پوکەوە و هۆکارە بۆ هەوکردنیان.
نۆیەم: میوە وشککراوەکان، راستە تەندروستە بەڵام بە ددانەکانەوە دەنوسێن و بە
ئاسانی لێی نابنەوە، هەر بۆیە دەبێت دوای خواردنیان ددانەکان بشۆرێن یان میوەیتازە
بخۆن.
دەیەم: قاوەی سارد، لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا
زیان بە ڕژێنەکان دەگەیەنێت و توانای روبەڕوبوونەوەی میکرۆب و بەکتریاکانی نامێنێت
لە ئەنجامدا هۆکارە بۆ هەوکردن و کلۆربوونی ددانەکان.
ئ.ل