هونەرمەندی گۆرانیبێژ رۆژ کەیم کەمێک پێش ئێستا گۆرانییەکی
نوێی بڵاوکردووەتەوە، کە تایبەتە بە یادی لەدایکبوونی کورەکەی و رایگەیاندووە دووبارە
دەست بە کاری هونەریی دەکاتەوە.
رۆژ کەریم لە چەناڵ یوتیوبەکەی نوێترین گۆرانی خۆی
بەناوی "ساڵی نوێت لێ پیرۆزبێت" بڵاوکردووەتەوە، کە بەبۆنەی یادی
لەدایکبوونی کورەکەیەوە ئەم بەرهەمەی بڵاوکردووەتەوە، کە ئاواز و کاری میسک و
ماستەرینگی خۆیەتی و هۆنراوەی قادر ئەسعەدی گۆرانیبێژە.
ناوبراو لە ئەکاونتی خۆی لە فەیسبوک ڕایگەیاندووە،
یەکێکە لە تراکە نوێیەکانی و تایبەتە بە یادی لەدایکبوونی کورەکەی، سەبارەت بە گەرانەوەی
بۆ کارە هونەرییەکانی نوسیوویەتی "پاش ماوەیەکی زۆر دابڕانم لە ئێوەی ئەزیز، هەوڵدەدەم
جارێکی تر دەستپێبکەمەوە و بەمزووانە بە چەند کارێکی نوێ دێمەوە لاتان".
رۆژ کەریم یەکێکە لە هونەرمەندە ناسراوەکانی کوردستان و
لە شاری سلێمانی لەدایکبووە و ساڵانێکە لە سوید دەژی، ماوەی چەند ساڵێکە دەستی بە
کاری هونەریی کردووە و چەندین گۆرانی و ڤیدیۆکلیپی
بڵاوکردووەتەوە.
ئ.ل