هۆکاری زۆر میزکردن و زوو میزکردن چیین؟

PM:04:58:03/11/2021

35580 جار خوێندراوەتەوە

پزیشک و پسپۆڕێکی گورچیلە و میزەرۆ و پرۆستات ئاماژەی بەوەکردووە، دوو نیشانە زۆرجار نەخۆش جیایان ناکاتەوە، ئەوانیش زۆر میزکردن و زوو میزکردنە (تەنگاوی)، کە هەریەکەیان نیشانە و هۆکاری خۆی هەیە و پسپۆڕی تایبەت بە بوارەکە چارەسەرەکانی دیاریی دەکات.

رامان سابر نانەکەلی پسپۆر لە نەشتەرگەریی گورچیلە و میزەڕۆ و پرۆستات و نەزۆکی و لاوازی سێکسی و چاندنی ئامێری لاوازی سێکسی سەبارەت بەو دوو گرفتە ئاشکرایکردووە، زۆر میزکردن ئەوەیە کەسێك برێکی زۆر میز بە چەند جارەی زیاد لە ئاسایی دەکات، هەرچی زوو میزکردنە (تەنگاوی) کەسێك زوو زوو پێویستی بە میزکردن دەبێت بەڵام مەرج نییە بڕێکی زۆر میز بکات بەڵکو تەنها چەندجارەی میزکردنی زیادە، لە زۆرباردا هەردوو نیشانەی نەخۆشییەکە بەیەکەوە روودەدەن، لەگەڵ ئەوەش لەوانەیە هەر یەکەیان بەجیا جیا هەستی پێبکرێن لەلایەن کەسی نەخۆشەوە، بۆ ئەم مەبەستەش کۆمەڵێک هۆکاری زۆر میزکردنی خستووەتە ڕوو، لەوانەش:

یەکەم: زۆر ئاو خواردنەوە.

دووەم: خواردنەوە کهولییەکان و کافاینەکان.

سێیەم: نەخۆشی شەکرە.

چوارەم: خواردنی دەرمانی میزپێکەر

پێنجەم: گەورەبوونی پرۆستات لە پیاوان

ئەو پسپۆرە هۆکارەکانی زوو میزکردنی بەمجۆرە روونکردووەتەوە:

یەکەم: هەوکردنی رێرەوی میز بە تایبەتی میزڵدان و بۆری میز.

دووەم: هەبوونی بەردی گورچیلە و میزەڕۆ و میزەڵدان.

سێیەم: لە کاتی دووگیانی لە ئافرەتاندا "بەتایبەتی کۆتاییەکانی دووگیانی".

چوارەم: میزڵدانی بزێو (بێ ئارام).

پێنجەم: تێکچوونی دەماری میزڵدان.

شەشەم: گەورەبوونی پرۆستات لە پیاواندا.

حەوتەم: بە دەگمەن بەڵام دەشێت گرێی میزڵدانیش هۆکاربێت.

لە کۆتاییدا ڕایگەیاندووە، ئەوەی گرنگە نەخۆش لەکاتی هەبوونی ئەو نیشانانە خۆی پشتگوێ نەخات، بۆ دەستنیشانکردنێکی دروستی هۆکاری سەرەکی نیشانەکان سەردانی پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەری گورچیلە و میزەڕۆ بکات.

ئ.ل