کێبڕکێی خواردنی گەورەترین هەمبەرگر لە میسر کراوە

PM:05:07:22/10/2021

2304 جار خوێندراوەتەوە

بیرت لەوەکردووەتەوە کە بەشداری کێبڕکێی خواردنی ژەمێکی گەورە بکەیت؟ هەندێک کەس گەدەیان ڕێگەیان پێ دەدات ئەو کارە بکەن و لەم نێوەندەشدا لە شاری مەنوفییەی میسر پێنج کەس بەژداری کێبڕکێیەکی خواردنیان کردووە.

ماڵپەڕی هەواڵی ئەلعەین باسی لەوەکردووە کە یەکێک لە ڕیستۆرانتەکانی شاری منوفییەی میسر کێبڕکێییەکیان ڕێک خستووە بۆ خواردنی گەورەترین هەمبەرگر و هەر کەسێک توانیبێتی بڕە خۆراکەکە بخوات ئەوا ١٠٠٠ جونەی میسری کە هاوتای نزیکەی ١٠٠ هەزار دیناری عێراقییە خەڵات کراوە.

جێی ئاماژەیە ئەو ژەمە هەمبەرگرەی ئامادەکراوە هاوتای ژەمە خۆراکی چوار بۆ شەش کەسە، و کاتێک کێبڕکێکارەکان بینیویانە وەک کێکێکی گەورە هاتووەتە بەرچاو.

براوەی کێبڕکێکە کوڕێک بووە بەناوی مەحموود قاسم و وتویەتی: کێبڕکێکەم لەڕێگەی فەیسبووکەوە بینی و منیش یەکێکم لەو کەسانەی کە چێژ لە ئەنجامدانی ئەو جۆرە چالاکییانە وەردەگرم، هەر بۆیە بڕیارم دا بەشداری بکەم.

ئاماژەی بەوەش کردووە لە سەرەتەدا پێی وابووە کە زۆر ئاستەمە بتوانێت ژەمە هەمبەرگرەکە تەواو بکات و دەڵێت ئەو ژەمە هی سێ ئەژدیهایە نەک مرۆڤێک.

بەڕێوەبەری خواردنگەکەش ئاماژەی بەوەکردووە کە ئەم ڕێگایەیان تاقیکردووەتەوە وەک ئەوەی بزانن کەسێک هەیە بتوانێت ئەو ژەمە بخوات و بتوانن لەڕێگەیەوە کارەکانیان بەرەوپێش ببەن و سەرکەوتووش بووە و بڕیاریان داوە بەردەوامی پێ بدەن.