بە سێ ڕێگە ئەگەری توشبوون بە نەخۆشی شەكرە بزانە

PM:07:35:19/10/2021

17656 جار خوێندراوەتەوە

پزیشکێکی نەخۆشییەکانی هەناو ئاشکرایکردووە، هەندێك پشکنین هەن دەریدەخەن کە نەخۆشەکە لە قۆناغی پێش شەکرە دایە و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شەکرەیان زیاترە لە کەسی ئاسایی.

کامەران حەسەن پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو سێ ڕێگەی خستووەتە ڕوو کە بەهۆیەوە دەزانیت توشی نەخۆشی شەکرە بوویت، لەوانەش:

یەکەم: پشکنینی ڕێژەی شەکر لەخوێندا بە گەدەی برسی بۆ ماوەی هەشت کاتژمێر، بۆ کەسی ئاسایی دەبێت لە ١٠٠ مگم/دس کەمتر بێت، بەڵام ئەگەر ڕێژەکە لە نێوان ١٠٠ مگم/دس بۆ ١٢٥مگم/دس ئەوا بە قۆناغی پێش شەکرە دادەنرێت.

دووەم: پشکنینی ڕێژەی شەکر لە خوێندا دوای خواردنەوەی شەکراو، ئەم پشکنینە بە شێوەیەکی تایبەت لە تاقیگە ئەنجام دەدرێت، ڕێژەی شەکر لە خوێندا لەم پشکنینە لە نێوان ١٤٠ بۆ ١٩٩ بە قۆناغی پێش شەکرە دادەنرێت.

سێیەم: پشکنینی سێ مانگی شەکرە کە ئەگەر لە نێوان ٥.٧ بۆ ٦.٤ بوو بە قۆناغی پێش تووشبوون بەنەخۆشی شەکرە دادەنرێت.

ئ.ل