میدیاکانی
ئیتاڵیا بڵاویان کردەوە کە پۆلیسی دارایی لە شاری تۆرین لە فڕۆکەخانەی کاتسیلی
دەستیان بەسەر سەری تیمساحێکی لەناوچوودا گرتووە کە لە ناو جانتای گەشتیارێکدا
شاردرابووەوە.
بەپیی هەواڵێکی ماڵپەڕی"UPI"، گەشتیارەکە لە شاری مایامییەوە ڕووی
لە ئیتاڵیا کردبوو و لە ڕێگەی ئیستەنبوڵەوە گەشتبووە ئەو وڵاتە.
سەری ئاژەڵەکە
بە ووشکی لە ناو کاغەزی پێچانەوەی ئاساییدا پێچراوەتەوە تا لە فڕۆکەخانە لە چاوی
پشکنەران بشاردرێتەوە. بەرپرسانی سنوور دەستبەجێ سەری تیمساحەکەیان دەستبەسەردا
گرت و گەشتیارەکەیان ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوەی یاسایی کردەوە، بەهۆی هێنانی ئاژەڵێکی
پارێزراو بەبێ مۆڵەتی فەرمی.
لە حاڵەتی
سزادانیدا، گەشتیارەکە ڕووبەڕووی سزای دارایی لە نێوان ٢٠ هەزار تا ٢٠٠ هەزار یۆرۆ
یان زیندانیکردن لە ٦ مانگ تا ساڵێک دەبێتەوە.
تیمساحەکان لە
ناو ئەو ئاژەڵانەدان کە بەپێی پەیماننامەی واشنتۆن لە ساڵی ١٩٧٣ەوە پارێزگارییان
لێ دەکرێت تا لە بازرگانیی نایاسایی بپارێزرێن.
ئیتاڵیا بە
ناوەندێکی بەهێزی بازرگانیی نایاسایی ئاژەڵە دەگمەنەکان دەسنیشان دەکرێت، بەڵام لە
زۆر حاڵەتیشدا گەشتیاران تەنها وەک دیاریی یادگاری سەری ووشککراوەی تیمساح لە
بازاڕەکانی فلۆریدا دەکڕن بەبێ ئەوەی بزانن کە گواستنەوەی بەبێ مۆڵەت سزای یاسایی
بەدوادادێت.