تەقینەوەی گڕکانی "ئاناک
کراکاتاو" لە ئەندەنوسیا بووە هۆی داخستنی حەوت فڕۆکەخانە، دوای ئەوەی
خۆڵەمێشی گڕکانەکە ناوچەیەکی فراوانی پۆشی و هاتوچۆی ئاسمانی پەکخست.
وەزارەتی گواستنەوە ڕایگەیاند، زیاتر
لە 270 هەزار گەشتیار بەهۆی پچڕانی گەشتەکانەوە کاریگەرییان لەسەر دروست بووە؛
ئەمەش نزیکەی 2300 گەشتی لەخۆگرتووە کە هەڵوەشاوەتەوە، دواکەوتن و گۆڕینی ڕێڕەوی
گەشتەکانی تێدایە.
خۆڵەمێشی ئەم گڕکانە، کە دەکەوێتە
نێوان دوورگەکانی جاڤا و سوماترا، بڵاوبووەوە بە ناوچەی جاکارتا و دەوروبەریدا.
دەسەڵاتداران جەختیان کردەوە کە داخستنی فڕۆکەخانەکان ڕێکارێکی خۆپارێزییە بۆ
دڵنیابوون لە سەلامەتیی گەشتەکان.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشدا،
فڕۆکەخانەی سەرەکیی جاکارتا لەگەڵ شەش فڕۆکەخانەی دیکە تا کاتژمێر ٦:٠٠ی ئێوارە بە
کاتی ناوخۆ بە داخراوی دەمێننەوە، لەکاتێکدا گەشتەکان لە یەکێک لە فڕۆکەخانەکانی
باشووری سوماترا دەستیپێکردووەتەوە.
لەلای خۆیەوە، دودی پورواگەندی،
وەزیری گواستنەوە و گەیاندن، هۆشداریدا لەوەی کە بەهۆی گۆڕانی بارودۆخی
کەشوهەواوە، پێشبینیکردنی کاتی ئاساییبوونەوەی هاتوچۆی ئاسمانی ئەستەمە.
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی
گڕکانناسی ئێوارەی یەکشەممە تەقینەوەیەکی نوێیان تۆمارکرد و ئاماژەیان بەوە کرد کە
ئەگەری بەردەوامیی چالاکیی گڕکانەکان زۆرە. بەرزیی کۆڵی خۆڵەمێشەکە گەیشتە نزیکەی
٦ هەزار مەتر و بەرەو جاڤا دەجووڵێت، لە کاتێکدا بەرەو سوماترا و بەشێک لە
پارێزگای بانتن بۆ ١٥ هەزار مەتر بەرزبووەوە.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی خۆڵەمێشەکەدا،
دەسەڵاتداران داوایان لە دانیشتووان کرد کاتێک لە دەرەوەن دەمامک بەکاربهێنن،
هەروەها دەوامی قوتابخانەکانی جاکارتا و لامپۆنگ کرا بە سیستەمی خوێندنی ئۆنلاین.
ئاناک کراکاتاو یەکێکە لە نزیکەی ١٣٠
گڕکانی چالاک لە ئەندەنوسیا، ئەم گڕکانە لە شوێنی گڕکانە ڕەسەنەکەی کراکاتاو
سەریهەڵدا، کە لە ساڵی ١٨٨٣دا تەقینەوەیەکی کارەساتباری بەخۆیەوە بینی و دواتر
تسونامی ڕوویدا و بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە ٣٦ هەزار کەس.
هەروەها لە ساڵی ٢٠١٨شدا تەقینەوەی
ئاناک کراکاتاو جارێکی دیکە تسونامیی لێکەوتەوە و لە ئەنجامدا زیاتر لە ٤٠٠ کەس
گیانیان لەدەستدا.