خواردنەوەی چا ڕەنگە یارمەتیدەر بێت
لە کەمکردنەوەی سەرئێشە لای هەندێک کەس، بەڵام لە بەرامبەردا ڕەنگە ببێتە هۆی
زیادبوونی نیشانەکان لای کەسانی تر، بەپێی جۆری چایەکە، پێکهاتەکانی و ڕادەی
وەڵامدانەوەی جەستە بۆی.
ماشا دەیڤس، پسپۆڕی خۆراک، ڕوونی
دەکاتەوە کە هەندێک جۆری چا، وەک چای ڕەش، ماچا، ئۆلۆنگ و ئێرل گرەی، کافاینیان
تێدایە کە زیادەڕۆیی لە خواردنیدا دەتوانێت سەرئێشە دروست بکات. جگە لەوەش،
پشتبەستن بە کافاین و دواتر لەناکاو کەمکردنەوەی، دەبێتە هۆی سەرئێشە و کەمبوونەوەی
ئاستی وزە.
هەروەها زیادەڕۆیی لە کافایندا
دەکرێت کاریگەری بکاتە سەر خەو، کە ئەمەش ئەگەری تووشبوون بە سەرئێشە زیاد دەکات.
لە بەرامبەردا، بڕی مامناوەند لە کافاین ڕەنگە یارمەتی هەندێک کەس بدات لە
کەمکردنەوەی ئازارەکە لە ڕێگەی تەسککردنەوەی لوولەکانی خوێنی فراوانبووەوە.
چا دەکرێت یارمەتی شێدارکردنەوەی
جەستە بدات، چونکە وشکبوونەوە، هەرچەندە کەمیش بێت، ڕەنگە سەرئێشە دروست بکات، لە
کاتێکدا خواردنەوە گەرمەکە ڕەنگە بەشدار بێت لە پشوودان، بەتایبەت لە حاڵەتەکانی
سەرئێشەی پەیوەست بە گرژییەوە.
چای نەعنا بە یەکێک لەو هەڵبژاردنانە
دادەنرێت کە ڕەنگە یارمەتیدەر بن لە سووککردنی سەرئێشە، لەبەر ئەوەی ماددەی
مێنسۆڵی تێدایە کە بەشدارە لە خاوکردنەوەی ماسولکەکان و کەمکردنەوەی سەرئێشەی
پەیوەست بە گرژییەوە.
هەروەها چای زنجبیل تایبەتمەندی دژە
هەوکردنی هەیە و ڕەنگە یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی دڵتێکەڵبوونی هەندێک جۆری
سەرئێشە، لە کاتێکدا تایبەتمەندییە هێمنکەرەوەکانی چای لاڤەندەر ڕەنگە بەشدار بن
لە کەمکردنەوەی گرژی و یارمەتیپدانی جەستە بۆ پشوودان.
جۆرەکانی چای زەردەچەوەش ڕەنگە
سوودبەخش بن، بەڵام بەڵگە زانستییەکان لەسەر کاریگەرییان هێشتا سنووردارن.
بە گشتی، هیچ جۆرە چایەک نییە کە بۆ
هەموو تووشبووانی سەرئێشە گونجاو بێت، چونکە هەڵبژاردنەکە دەوەستێتە سەر سروشتی
سەرئێشەکە و وەڵامدانەوەی جەستە بۆ پێکهاتە جیاوازەکان.