مەلەکردنێک بە کارەسات کۆتایی هات

PM:02:02:23/08/2026

40232 جار خوێندراوەتەوە

ژنێکی بەریتانی ڕایگەیاند، مەلەکردنی لە دەریادا لە ماوەی شەپۆلێکی گەرمادا بووەتە هۆی تووشبوونی بە نەخۆشییەکی ڕێخۆڵە، کە بەهۆیەوە مانگێک لە نەخۆشخانە مایەوە و نزیکەی ١٦ کیلۆگرام لە کێشی لەدەستداوە.

بەپێی ماڵپەڕی"NationalWorld"، کاسرین هۆپکنسی تەمەن ٣٥ ساڵ، بۆ ماوەی ٤ ڕۆژی یەکبەدوایەک بۆ چەندین کاتژمێر لە ناوچەی "Hove Lawns" لە برايتۆن مەلەی کردبوو.

بەڵام دوای نزیکەی ١٠ ڕۆژ، باری تەندروستی بەخێرایی تێکچووە، تووشی ئازار و گرژبوونی توندی گەدە بوو، تا سەرئەنجام ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە.

پشکنینەکان دەریانخست کە تووشی "Cryptosporidium" بووە، کە نەخۆشییەکی توندی ڕێخۆڵە دروست دەکات. کاسرین، کە پێشتر لە ساڵی ٢٠١٠دا چاندنی گورچیلەی بۆ کرابوو، تووشی وشکبوونەوەیەکی مەترسیدار بووە، وتیشی "تەنانەت کاتێک ئاویشم دەخواردەوە، راستەوخۆ دەرشامەوە، بەڕاستی پێموابوو دەمرم."

پزیشکەکان بۆ ماوەی مانگێک لە ژێر چاودێری و سیستەمێکی خۆراکیی هاوسەنگدا هێشتیانەوە. سەرەڕای چاکبوونەوە و هاتنە دەرەوەی لە نەخۆشخانە، هێشتا بەدەست نیشانەکانەوە دەناڵێنێت.

هەرچەندە کاسرین پێیوایە ئاوی دەریاکە پیس بووە، بەڵام کۆمپانیای "Southern Water" جەخت دەکاتەوە کە هیچ ڕژانێکی زێراب لەو ناوچەیە تۆمار نەکراوە و ئاوی دەریاکە پاک بووە. بەڵام کاسرین دەڵێت: "ئیتر هەرگیز لە دەریای بەریتانیادا مەلە ناکەمەوە، بڕوام نەدەکرد بچمە ناو دەریاوە و تووشی نەخۆشیی وا ببم."