بەهۆی ئەوەی پیتزایەکی بچووکتر لە قەبارەی خۆی بۆ هاتبوو، بە ١١٠ دۆلار قەرەبوو کرایەوە

AM:11:19:23/08/2026

832 جار خوێندراوەتەوە

سکاڵایەکی سادە لەسەر قەبارەی پیتزایەک بووە کێشەیەکی یاسایی لە لیژنەی پاراستنی بەکاربەر لە ویلایەتی "ئۆتاراخاند"ی هیندستان، دوای ئەوەی کڕیارێک ڕایگەیاند لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنێکی گەیاندنەوە داوای پیتزایەکی ١٠ ئینچی کردووە، بەڵام ئەوەی پێی گەیشتووە تەنها ٧ ئینچ بووە.

بەپێی ماڵپەڕی "News18"، کڕیارەکە لە سەرەتادا هەوڵیداوە کێشەکە لەگەڵ کۆمپانیای گەیاندنەکە چارەسەر بکات، بەڵام پارەکەی بۆ نەگەڕێنراوەتەوە. دواتر پەنای بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکانی پاراستنی بەکاربەر برد، بەو پێیەی بەرهەمە گەیشتووەکە لەگەڵ قەبارەی دیاریکراوی سەر ئەپڵیکەیشنەکەدا ناگونجێت.

لیژنەی یەکلاکردنەوەی ململانێکانی بەکاربەر لە ناوچەی "هاری دوار" ڕایگەیاند "جیاوازیی نێوان قەبارەی ڕاگەیەندراو و ئەوەی گەیشتووەتە دەست کڕیارەکە، کەمتەرخەمییە لە خزمەتگوزاری و ڕەفتارێکی بازرگانیی نادادپەروەرانەیە. بەو هۆیەوە بڕیاریدا کۆمپانیای گەیاندنەکە و چێشتخانەکە بە هاوبەشی بە بڕی ١١٠ دۆلار قەرەبووی کڕیارەکە ببنەوە".

پیتزاکە بە بەهای ٥.٣ دۆلار لەگەڵ ٠.١٥ دۆلار کرێی گەیاندن داوا کرابوو. کڕیارەکە ئاماژەی بەوە کرد دوای گەیشتنی پیتزاکە پێواویەتی و دەرکەوتووە تەنها ٧ ئینچە.

لە ماوەی دانیشتنەکاندا، کۆمپانیای گەیاندنەکە بەرگری لە خۆی کرد بەوەی تەنها ناوبژیوانێکە لە نێوان کڕیار و چێشتخانەکاندا، و بەرپرسیارێتیی ئامادەکردن لە ئەستۆی چێشتخانەکەیە. بەڵام لیژنەکە ئەو بەرگرییەی ڕەتکردەوە و کۆمپانیاکەی بە بەشێکی سەرەکیی خزمەتگوزارییەکە هەژمار کرد. چێشتخانەکەش هیچ وەڵامێکی بۆ سکاڵاکە پێشکەش نەکرد، بۆیە لیژنەکە بە پاشملە ڕێکارەکانی بەردەوام کرد.

لە کۆتاییدا لیژنەکە بڕیاریدا بە گەڕاندنەوەی ٥.٤٥ دۆلار (بەهای پیتزاکە و کرێی گەیاندن)، لەگەڵ ٥٢.٢٥ دۆلار وەک قەرەبووی ئازاری دەروونی و جەستەیی، و ٥٢.٢٥ دۆلاری دیکەش وەک خەرجیی دادگا.

بەم شێوەیە، سکاڵایەک لەسەر جیاوازیی تەنها ٣ ئینچ لە قەبارەی پیتزایەکدا، بووە هۆی وەدەستهێنانی قەرەبوویەک کە زیاتر لە ٢٠ بەرامبەری بەهای داواکارییە ئەسڵییەکەیە.