پیاوێک دوای ١٥ ڕۆژ لە چاڵێکی پڕ ئاودا بە زیندوویی دەردەچێت

PM:01:23:18/08/2026

5816 جار خوێندراوەتەوە

تیمەکانی فریاگوزاریی نێودەوڵەتی، ماسیگرێکی مەکسیکییان بە زیندوویی دۆزییەوە دوای ئەوەی بۆ ماوەی زیاتر لە دوو هەفتە لە قووڵایی زیاتر لە ١٠٠ مەتر لە چاڵێکی ئاودا لە ویلایەتی ڤێراکروز دیارنەما.

ئیراستۆ کریسانتۆ ڤاڵدێزی تەمەن ٣١ ساڵ، لە کاتی ڕاوکردن لەگەڵ باوکیدا لە ناوچەی "سینۆت" نزیک سان فرانسیسکۆ لا پاز ون بوو. دوای تێپەڕینی شەش ڕۆژ، تیمەکانی ڕزگارکردن تەنها ڕمەکەیان دۆزییەوە، ئەمەش وای لێکردن وا بیربکەنەوە کە گیانی لەدەستداوە، و ئامادەکارییان دەکرد بۆ دەرهێنانی تەرمەکەی.

بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمان بوو، کاتێک تیمەکە پیاوەکەیان دۆزییەوە هێشتا لە ژیاندا مابوو، لە ناو ئەشکەوتێکی تاریکدا کە بۆشاییەکی هەوایی تێدابوو، سەرەڕای ئەوەی بۆ ماوەی دوو هەفتە ڕووبەڕووی سەرمایەکی سەخت و شێ بووبووەوە.

گەڕیدەی مەکسیکی کارلۆس خیمینێز، ڕووداوەکەی بە موعجیزە وەسف کرد، و ئاماژەی بەوە کرد کە "خودا پلانێکی تری هەبووە" بۆ ئەو پیاوە بەختەوەرە. لەلایەکی ترەوە، ئیراستۆ خۆی لە یەکەم چاوپێکەوتنیدا سوپاسگوزاریی خۆی بۆ خودا دەربڕی و وتی: "سوپاسی خودا دەکەم کە هەلێکی تری پێبەخشیم بۆ ئەوەی منداڵەکانم و خێزانەکەم دووبارە ببینمەوە، ئەمە موعجیزەیەکی باوەڕپێنەکراوە".

کاتێک ئیراستۆ دۆزرایەوە، بەهۆی نەبوونی خواردن بە درێژایی ماوەی گیرخواردنەکەی بەدەست وشکبوونەوەیەکی توند و بەدخۆراکییەوە دەیناڵاند، هاوکات دەستبەجێ گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی زێدی خۆی لە ئۆکساپاناپا بۆ وەرگرتنی چارەسەر.

جێی باسە کە چاڵەکانی "سینۆت" بیرە سروشتییە قووڵەکانن کە بەهۆی داڕمانی بەردە قسڵەکانەوە دروست دەبن، سەختیی ڕزگارکردنیش تێیاندا دەگەڕێتەوە بۆ قووڵییە زۆرەکەیان و بارودۆخە سەختەکانیان.

لە ڕووداوێکی هاوشێوەدا، پێشتر هەمان تیم پێنج گوندنشینیان لە ئەشکەوتێکی پڕ ئاو لە لاوس ڕزگار کردبوو، دوای ئەوەی بەهۆی داڕمانی زەوییەوە لە ناویدا گیرییان خواردبوو، لە کاتێکدا دوو کەسی تریان نەدۆزرانەوە.