قاچاغچییان زۆرجار پەنا دەبەنە بەر
ڕێگەی نایاسایی بۆ گواستنەوەی زێڕ، ئەڵماس، یان شوێنەوار، بەڵام ئەمجارەیان
هەوڵێکی قاچاغکردن لە فڕۆکەخانەی موسکۆ دەسەڵاتدارانی گومرگی سەرسام کرد.
کارمەندانی گومرگ لە فڕۆکەخانەی
"شێرمێتیڤۆ" لە موسکۆ، لە کاتی پشکنینی ئاساییدا دەستیان بەسەر ٦٤
پارچەی جیاوازی تیمساحدا گرت کە لەناو جانتای هاوڵاتییەکی ڕووسی تەمەن ٦٠ ساڵدا
شاردرابوونەوە، کە لە شاری "هایکۆ"ی چینەوە گەڕابووەوە. پارچەکان
پێکهاتبوون لە سەر، قاچ، پێست و شەویلگەی تیمساح.
گەشتیارەکە لە کاتی لێکۆڵینەوەدا
ڕوونی کردەوە کە ئەو بەرهەمانەی بۆ بەکارهێنانی کەسیی خۆی هێناوە و بڕوای وابووە
قەدەغەکاریی نێودەوڵەتییان لەسەر نییە. بەڵام پشکنینەکان سەلماندیان کە ئەو
پارچەنە بەپێی ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتیی (CITES)بۆ پاراستنی ئاژەڵە لەناوچووەکان
قەدەغەکراون.
بەهای پارچە دۆزراوەکان بە زیاتر لە
٢٥٠ هەزار ڕووبڵ (نزیکەی ٢,٧٠٠ بۆ ٢,٨٠٠ دۆلاری ئەمریکی) خەمڵێنراوە. لە کۆتاییدا
دۆسیەی سەرپێچیی کارگێڕی بەپێی یاسای گومرگی ڕووسیا بۆ تۆمارکرا، کە سزاکەی
پێبژاردنی دارایی تا دوو هێندەی بەهای کەلوپەلەکان و دەستبەسەرداگرتنیان
لەخۆدەگرێت.