دیاردەیەکی دەگمەنی خۆرگیران ڕوودەدات

AM:10:43:12/08/2026

14464 جار خوێندراوەتەوە

شاره‌زایه‌كی بواری كه‌شناسی و گه‌ردوونناسی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمڕۆدیاردەی خۆرگیران روودەدات.

شارەزایانی بواری کەشناسی و گەردوونناسی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٢ی ئابی ٢٠٢٦، ناوچەیەکی فراوانی ئەوروپا شایەتی خۆرگیرانێکی تەواو دەبێت. لەم دیاردەیەدا مانگ بە تەواوی ڕووی خۆر بۆ ماوەی تاوەکو دوو خولەک و ١٨ چرکە دەشارێتەوە و ڕۆژ دەبێتە تاریکییەکی کاتی لەناو ئەو ڕێڕەوە دیاریکراوەی خۆرگیرانەکەدا.

ملیۆنان کەس لە ئەوروپا دەتوانن بە پلەی جیاواز بەدوادواچوون بۆ ئەم دیاردەیە بکەن، لە کاتێکدا ئەو ناوچانەی دەکەونە ناو ڕێڕەوی خۆرگیرانی تەواوەوە، لەبەردەم دیمەنێکی سەرنجڕاکێشدا دەبن بە ونبوونی ڕووی خۆر و دەرکەوتنی بازنە تیشکییە دەرەکییەکەی کە بە "تاجی خۆر" ناسراوە.

ڕێڕەوی خۆرگیرانی تەواوەکە بەسەر ناوچەکانێک لە گرینلاند و ئایسلەندادا درێژ دەبێتەوە، پێش ئەوەی بگاتە بەشێک لە نیمچە دوورگەی ئیبیری، بەتایبەتی ئیسپانیا و پورتوگال. ئیسپانیاش بە یەکێک لە دیارترین ئەو ناوچانە دادەنرێت کە دەکرێت خۆرگیرانی تەواوی تێدا ببینرێت.

ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەوروپی (ESA) ئامادەکاری دەکات بۆ گواستنەوەی ڕاستەوخۆی دیاردەکە لە ڕوانگە فەلەکییەکەی "جافالامبر" لە پارێزگای تیرویلی ئیسپانی، لە ڕێگەی پەخشێکەوە کە دیمەنە زیندووەکانی خۆرگیرانەکە، وێنەی تەلەسکۆپەکان و شیکردنەوەی زانستی بۆ قۆناغەکانی دیاردەکە و گرنگییەکەی لە توێژینەوەکانی خۆر و بۆشایی ئاسماندا کۆدەکاتەوە.

خۆرگیران کاتێک ڕوودەدات کە مانگ لە نێوان زەوی و خۆردا تێپەڕدەبێت، بەمەش ڕووناکییەکەی لە بەشێک لە ڕووی زەوی دەشارێتەوە. لە خۆرگیرانی تەواودا، مانگ بە تەواوی ڕووی خۆر بۆ ماوەیەکی کورت دەپۆشێت، ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینێکی لەناکاوی ئاستی ڕووناکی.

لە ماوەی خۆرگیرانی تەواودا، ڕەنگە هەندێک ئەستێرە و هەسارەی گەش لە ئاسماندا دەربکەون، لەگەڵ دابەزینی پلەکانی گەرما و گۆڕانکاریی ئەگەری لە جووڵەی باکاندا. هەروەها ڕەنگە ڕەفتاری هەندێک ئاژەڵ بگوڕێت، بەجۆرێک باڵندە و مێرووەکان وا لە تاریکییە لەناکاوەکە دەڕوانن کە گوایا شەو داهاتووە.

ئەو ناوچانەی دەکەونە دەرەوەی ڕێڕەوی خۆرگیرانی تەواوەوە، شایەتی خۆرگیرانی بەشەکی دەبن، کە تێیدا مانگ بەجۆرێک دەردەکەوێت کە تەنها بەشێک لە ڕووی خۆر دەشارێتەوە. ڕەنگە ڕێژەی داپۆشینەکە لە هەندێک ناوچەدا بگاتە ٩٠٪ یان زیاتر.

هەروەها دەکرێت خۆرگیرانی بەشەکی لە بەشێک لە باکووری ویلایەتە یەکگرتووەکان، کانادا، باکووری ڕۆژئاوای ئەفریقا و ئەوروپاش ببینرێت. لە وڵاتانی عەرەبیشدا، خۆرگیرانی بەشەکی لە چەند وڵاتێکی باکووری ئەفریقا دیار دەبێت، لەوانە مەغریب، جەزائیر، تونس، لیبیا و مۆریتانیا، بە جیاوازیی ڕێژەی داپۆشینی ڕووی خۆر لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر.

جێگەی ئاماژەیە، لە هەرێمی کوردستان ئەم خۆرگیرانە نابینرێت، چونکە لە کاتی ڕوودانی دیاردەکەدا لەم ناوچەیەی ئێمەدا شەوە.