ژنێکی تەمەن ١١١ ساڵ نهێنیی تەمەن درێژییەکەی ئاشکرا دەکات

AM:11:54:11/08/2026

7600 جار خوێندراوەتەوە

ژنێکی چینیی تەمەن ١١١ ساڵ سەرنجی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ڕاکێشاوە، دوای ئەوەی کۆمەڵێک کاری سادەی ئاشکرا کرد کە لە ژیانی ڕۆژانەیدا پەیڕەویان دەکات و پێیوایە یارمەتییان داوە بۆ پاراستنی چالاکییەکەی سەرەڕای هەڵکشانی تەمەنی.

"وانگ گایینگ" لە شارۆچکەی "ڕوگاو" لە پارێزگای "جیانگسو" لە ڕۆژهەڵاتی چین دەژی، کە ناوچەیەکە بە بەرزیی ژمارەی بەساڵاچووان تێیدا بەناوبانگە؛ بەپێی ڕۆژنامەی "شەنگهای"، ژمارەی ئەو کەسانەی تەمەنیان ١٠٠ ساڵی تێپەڕاندووە لەو ناوچەیە تا مانگی شوباتی ڕابردوو گەیشتووەتە نزیکەی ٦٧٢ کەس.

وانگ زۆربەی ژیانی بە چالاکی بەسەر بردووە، چونکە لە ساڵانی گەنجیدا لە کێڵگەکاندا کاری کردووە و بەروبوومی چاندووە و ڕنیوێتی. تا ئەمڕۆش حەز دەکات هەندێک کاری سووکی ناوماڵ ئەنجام بدات، وەک سڕینەوەی مێزەکان و چاکردنەوەی جلەکان، چونکە پێیوایە جوولەی ڕۆژانە یارمەتی دەدات بۆ پاراستنی تەندروستی.

وانگ پەیڕەوی لە سیستەمێکی خۆراکیی هەمەجۆر دەکات کە خۆراکی سەرەکیی جیاواز لەخۆدەگرێت، لە کاتێکدا ماسی بە یەکێک لە ژەمە دڵخوازەکانی دادەنێت. هەروەها خۆی لە زۆر خۆری بەدوور دەگرێت و بڕوای وایە هەمەجۆریی خۆراک گرنگترە لە زۆریی خواردن.

جگە لەمەش، وانگ سوورە لەسەر ڕێکخستنی خەوەکەی، بە جۆرێک لە کاتژمێر ٧ی ئێوارەوە تا ٧ی بەیانی دەخەوێت، لەگەڵ ئەنجامدانی پشوویەکی کورت لە ناوەڕاستی ڕۆژدا. ئاماژەی بەوەش کردووە کە ڕۆژانە سوورە لەسەر کردنی کاری خێرخوازی، و خۆی لە هەڵگرتنی هەستی نەرێنی و تووڕەبوون دەپارێزێت لەبری ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر بیری لێ بکاتەوە.

توێژەران تەمەندرێژی لە شارۆچکەی "ڕوگاو" دەبەستنەوە بە هۆکارە ژینگەیی و خۆراکییەکانەوە، لەوانەش دەوڵەمەندیی خاکەکەی بە کانزاکان کە دەکرێت بەشدار بێت لە بەرهەمهێنانی بەروبوومێکدا کە ماددەی خۆراکیی بەسوودی تێدا بێت.

لە ئێستادا وانگ لەناو خێزانێکدا دەژیت کە لە پێنج نەوە پێکهاتووە، و بەپێی وتەی خێزانەکەی، هێشتا دەستی بە سەربەخۆیی و چالاکیی ڕۆژانەی خۆیەوە گرتووە.