کچی هونەرمەند نەرمین قادر بە توندی ڕەخنە لە کەناڵەکان دەگرێت و تەنها سوپاسی NRT دەکات

AM:10:43:06/08/2026

5692 جار خوێندراوەتەوە

کچی خانمە هونەرمەندی کۆچکردوو نەرمین قادر لە بڵاوکراوەیەکیدا، سوپاس و پێزانینی کەناڵی ئێن ئارتی دەکات.

لۆلان ئازاد، کچی هونەرمەندی کۆچکردوو نەرمین قادر لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتی "سوپاس و پێزانین بۆ کەناڵی ئێن ئارتی ، تاکە کەناڵ بوە کە لەدوای مردنی هونەرمەند نەرمین قادر و لە چلەکەیدا بەرنامەیەکی یەک کاتژمێری بۆ دایکم کرد .

سەرەرای ئەم هەمو کەناڵ و دیجیتاڵ میدیایانەی کە هەن لە ئێستاداو لە ماوەی ساڵێکدا بە ئەرکی خۆیان نەزانی دۆکێۆمێنتاریەک بۆ ژنە هونەرمەندێکی ڕێچکە شکێن شۆڕشگێڕ بکەن کە چل ساڵ تەمەنی بەخشیە مێژووی هونەری کوردی و یەکەم ژنە ئەکتەری کۆمێدیای ڕەش و تەنز ئامێز لە ڕۆژگارێکدا کە کەس نەیدەوێرا ڕەخنە لە حزبێک یان دەسەڵاتی سیاسی بگرێت ئەو هاوڕێکانی دەنگ و چاو و گوێی خەڵک بوون .

هەمان شيوە لە ساڵی 2014 لەکاتی کێشەی موڵکەکەمان لەشاری هەولێر ئێن ئارتی تاکە کەناڵ بو کە لە ڕێگای بەرنامەی شەقامەوە دەنگی دایکمی گەیاند تەواوی خەڵک ، کە لە مانگی شەشی ئەمساڵدا و دوای 12 ساڵ بەسەر ئەو روداوەی خێزانی ئێمەو لەدەستدانی پارەیەکی زۆر لەو موڵکە و ئیفلاسبونمان ، تازە بە تازە دوای 80 فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەو ساحێب موڵکە پشت ئەستورە لە مانگی شەشی ساڵی 2026 دەستگیرکرا .

لە کاتێکدا ساڵانە دەیان بەرنامە دەکرێت بۆ یاپراخ و هەنار و گوێز و لە هەمان کاتدا سەدان کاسانی خاوەن ئەزمون و بەتوانا و گەنجانی بەهرەدار پشت گوێ خراون و بە شایستە نازانرێن چەن خولەکێک کاتو گرنگیان پێبدرێت لە میدیاکانەوە بە زیندوو مردوەوە .

ئیتر بڵێین چی کە هەنارو یاپراخ و گوێز و کۆنسێرتەکانی راغب عەلامەو نانسی عەجرەم و سپۆنسەری ئەکتەری تورکی ئەمڕۆ لە حسێن مسڕی و عەلی مەردان و بەرزان قادر و نەرمین قادر و دەیان هونەرمەند و بیرمەند و شۆڕشگێڕو شەهید و نوسەر ی زیندوو مردوو گرنگترن ….

ئەمە نە گلەییە و نە گازندەیە بەڵکو خەوتویی و بێ ئاگایی میدیای بیستراوو بینراوو خوێندراووی ئەمڕۆی کوردیە بە هەموو دەنگ و رەنگ و حزبەکانەوە کە زۆربەی حزبەکان زمانحاڵی ئەوانن ، کەبەس بەدوای لایک ڤیوو ترێندی ڕۆژانەی پێگە ئەلکترۆنیەکانەوەن ئەو هونەرمەند و بیرمەند و رۆژنامەنوس و نوسەرانەیان لە بیرکردوە کە ڕۆژانێک خەبات و شۆڕشی دوێنێی ئەوان ئەمڕۆی بۆ ئەمان خولقاند "