فیلمی ئەنیمەیشنی "Toy Story 5"
دەستپێکێکی پێوانەیی لە بۆکس ئۆفیسی ئەمریکیدا تۆمار کرد، دوای ئەوەی تەنها لە
کۆتایی هەفتەی یەکەمی پەخشیدا ١٦٠ ملیۆن دۆلاری بەدەستهێنا، ئەمەش بەرزترین داهاتی
کردنەوەیە لە مێژووی زنجیرە فیلمی (Toy Story) و گەورەترین کردنەوەی سینەماییە لەمساڵدا.
بەپێی مەزەندەکانی ستۆدیۆکە، بەشی
نوێی فیلمەکە ژمارە پێوانەییەکەی پێشووتری شکاند کە "Toy
Story 4"
لە ساڵی ٢٠١٩ بە داهاتی ١٢٠ ملیۆن دۆلار تۆماریکردبوو. هەروەها فیلمەکە ١٥٢ ملیۆن
دۆلاری لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا بەدەستهێناوە، بەمەش داهاتی جیهانییەکەی
گەیشتووەتە ٣١٢ ملیۆن دۆلار.
زنجیرەی "Toy
Story"
بە یەکێک لە دیارترین براندە سینەماییەکانی کۆمپانیای "دیزنی" دادەنرێت،
داهاتی چوار بەشە پێشووەکەی ٣ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، ئەمە جگە لە قازانجی
گەورەتر لەو بەرهەمانەی پەیوەندییان بەو فیلمەوە هەیە. هەرچەندە وادەردەکەوت
زنجیرەکە لەگەڵ "Toy Story 3" لە ساڵی ٢٠١٠ کۆتایی هاتووە، بەڵام
سەرکەوتنە گەورەکەی بەشی چوارەم هانی کۆمپانیای دا بەشی پێنجەم بەرهەم بهێنن.
"Toy
Story 5"
بووە دووەم بەهێزترین کردنەوەی فیلمێکی ئەنیمەیشن لە مێژوودا، لە دوای فیلمی
"Incredibles 2" کە لە ساڵی ٢٠١٨دا ١٨٢.٧ ملیۆن دۆلاری
بەدەستهێنا.
تێچووی بەرهەمهێنانی فیلمەکە نزیکەی
٢٥٠ ملیۆن دۆلارە، و تێیدا هەریەکە لە "تۆم هانکس" بە ڕۆڵی
"وودی"، "تیم ئاڵن" بە ڕۆڵی "باز لايت يير"، و
"جوان کوزاک" بە ڕۆڵی "جێسی" بەشداری دەکەن، ئەرکی دەرهێنانیشی
بە "ئەندرو ستانتۆن" سپێردراوە، کە پێشتر دەرهێنەری هەردوو فیلمی "Finding Nemo"
و "WALL-E"
بووە.
فیلمەکە ستایشێکی زۆری بەدەستهێناوە
و هەڵسەنگاندنی (A) لەلایەن بینەرانی ماڵپەڕی "CinemaScore"
وەرگرتووە؛ ئەمەش چانسی مانەوەی لە پلەی یەکەمی بۆکس ئۆفیسدا بۆ هەفتەکانی داهاتوو
زیاتر دەکات.
ئەم سەرکەوتنەش بەشداربوو لە
بەرزکردنەوەی داهاتی وەرزی هاوینی سینەمایی، کە بە ڕێژەی ١٥٪ بەراورد بە هەمان
ماوەی ساڵی ٢٠٢٥ زیادی کردووە، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ بەردەوامبوونی بوژانەوەی
پیشەسازیی سینەما.