کازم ساهیر چەند نهێنییەکی ژیانی ئاشکرا دەکات

AM:10:18:11/06/2026

4980 جار خوێندراوەتەوە

گۆرانیبێژی دیاری عێراقی کازم ساهیر، زانیاریی سەرنجڕاکێشی لەسەر خێزانەکەی خستە ڕوو، گرنگترینیان ئەوە بوو کە بەر لە لەدایکبوونی خۆی، بەهۆی لێکچوونی ناوەوە بڕیاری لەسێدارەدان بۆ باوکی دەرچووبوو. ئاماژەی بەوەش کرد کە دایکی ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی لە ڕزگارکردنیدا هەبووە، دوای ئەوەی پێش جێبەجێکردنی حوکمەکە بەپەلە دەسەڵاتدارانی لە ڕاستی ڕووداوەکە ئاگادار کردووەتەوە.

ئەو هونەرمەندە لە چاوپێکەوتنێکی ڤیدیۆیدا ڕوونی کردەوە، باوکی لەو کاتەدا لە کۆشکی کۆماری وەک پاسەوانی پاشا کاری دەکرد و تەمەنی لە بیست ساڵ تێپەڕی نەدەکرد کاتێک ڕووبەڕووی ئەو تەنگژەیە بووەوە. هۆنەرمەندە عێراقییەکە باسی لەوەش کرد کە دەستوەردانی دایکی ڕەوتی ڕووداوەکانی گۆڕی، بە شێوەیەک کە باوکی ڕۆژی دواتر و دوای ئاشکرابوونی ڕاستییەکە گەڕایەوە ماڵەوە؛ ئەمەش ڕووداوێک بوو کە بۆ هەمیشە لە یادەوەری خێزانەکەیدا چەسپاوە.

کازم دایکی وەک "ژنێکی بەهێز" وەسف کرد و ئاماژەی بەوە دا کە بەرگەی چەندین سەختی گرتووە؛ باوکی چەند جارێک هاوسەرگیری کردووەتەوە، بەڵام هەموو هاوسەرەکانی جێیان هێشتووە جگە لە دایکی کە تا کۆتایی ژیانی لە تەنیشتی مایەوە. لایەکی ترەوە ئاشکرای کرد کە باوکی لە کاتی دانیشتنێکی خێزانیدا دانی بە چاکەی دایکیدا ناوە، کاتێک لەبەردەمیدا چۆکی داداوە و پێیەکانی ماچ کردووە وەک دەربڕینی سوپاسگوزاری بۆی.

لە تەوەرێکی تردا، جەختی لەوە کردەوە کە لە سەرەتاکانی کاری هونەریدا بە بارودۆخێکی زۆر سەختدا تێپەڕیوە و هەندێک جار ناچار بووە لە باخچە و قاوەخانەکاندا بخەوێت. هەروەها هەوادارانی لەوە ئاگادار کردەوە کە لە ڕابردوودا وەک مامۆستای موزیک بەرامبەر بە پێنج دیناری مانگانە کاری کردووە، ئامێری عودی لەسەر پشتی هەڵدەگرت و مەودایەکی دووری بە پێ دەبڕی بۆ گەیشتن بە کارەکەی.

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەش کرد کە هێشتا بیرکردنەوەیەکی گەورەی بۆ هاوسەرە کۆچکردووەکەی هەیە و دووپاتی کردەوە کە بیرۆکەی دووبارە هاوسەرگیریکردنەوە بە هیچ شێوەیەک بە خەیاڵیدا نایەت و هاوسەرگیری لەگەڵ ژنێکی دیکەدا بەدوور دەزانێت، ئەمەش کاردانەوەیەکی بەرفراوانی لە نێوان هەوادارانیدا دروستکرد و ئەم هەڵوێستەیان وەک دەربڕینی دڵسۆزییەکی دەگمەن بۆ هاوسەرەکەی لەقەڵەمدا.