"بەرلین" هەوادارانی سەرسام دەکات

PM:12:32:06/06/2026

996 جار خوێندراوەتەوە

ئەکتەری ناوداری ئیسپانی، پێدرۆ ئەلۆنسۆ، بە سەردانێکی چاوەڕواننەکراو بۆ میسر کاردانەوەیەکی بەربڵاوی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەدوای خۆیدا هێنا و هەوادارانی سەرسام کرد.

ئەم ئەکتەرە کە بە کەسایەتیی سەرنجڕاکێشی "بەرلین" لە درامای جیهانیی"La Casa de Papel" ناسراوە، لە ڕێگەی ڤیدیۆیەکی کورتەوە لە ناو یەکێک لە هۆتێلەکانی سەر ڕووباری نیل لە قاهیرەی پایتەخت دەرکەوت. ئەلۆنسۆ لەو ڤیدیۆیەدا کە لە هەژماری فەرمیی خۆی لە ئینستاگرام بڵاویکردووەتەوە، دڵخۆشیی خۆی بە دیمەنی ڕووباری نیل و کەشوهەوای قاهیرە دەربڕیوە و پەیامێکی گەرمیشی ئاڕاستەی جەماوەری میسری کردووە، کە گوزارشت لە ڕێزگرتن و سەرسامبوونی بە سحر و جوانیی شوێنەکە دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتە میدیاییەکان، بوونی ئەم ئەستێرە ئیسپانییە لە قاهیرە تەنها گەشتێکی سادەی گەشتیاری نییە، بەڵکو پەیوەستە بە بەشداریکردنی لە وێنەگرتنی دیمەنەکانی زنجیرە درامایەکی نوێ بە ناوی "الأمير"، کە ئەکتەری میسری ئەحمەد عەز ڕۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت. ئەمە پڕۆژەیەکی بەرهەمهێنانی درامیی گەورەیە و چەندین ناوی دیاری چەند وڵاتێکی جیاواز کۆدەکاتەوە.

پێشتر کۆمپانیای "سیلا ستۆدیۆز" دەستپێکردنی قۆناغی پێش بەرهەمهێنانی بۆ ئەم درامایە ڕاگەیاندبوو، کە بە پاڵپشتیی تورکی ئال شێخ و بە هاوکاری لەگەڵ کۆمەڵەی MBC Group جێبەجێ دەکرێت.

پڕۆژەکە بەرهەمێکی عەرەبییە بەڵام بە ستانداردێکی جیهانی لە ڕووی بەرهەمهێنان، وێنەگرتن و دابەشکردنەوە بڵاودەکرێتەوە. بەپێی زانیارییەکان، جگە لە پێدرۆ ئەلۆنسۆ، چەندین ئەستێرەی تری وەک ئەمینە خەلیل، هەردوو ئەستێرەی تورکی توبا بویوکوستن و مەریەم ئۆزەرلی، لەگەڵ ئەکتەری بەریتانی پۆڵ ئەندەرسۆن تێیدا بەشدارن.

چیرۆکی زنجیرە درامای "الأمير" لە دەوری ئەفسەرێکی میسری دەسوڕێتەوە کە ئەحمەد عەز ڕۆڵەکەی دەگێڕێت، کە ژیانێکی دوو لایەنە لەناو تۆڕێکی ئاڵۆزی ململانێ نێودەوڵەتییەکاندا دەژی و لەژێر ناسنامەی یەکێک لە مەترسیدارترین داواکراوەکانی جیهاندا خۆی حەشارداوە؛ پێش ئەوەی بکەوێتە پێشبڕکێیەکی توند لەگەڵ کاتدا بۆ پووچەڵکردنەوەی هەڕەشەیەکی تیرۆریستیی گەورە لە ناوەڕاستی تۆڕێک لە خیانەت و دژایەتیی بەرژەوەندییەکاندا.