ڕەنگە "هەشتپێی ئەڵقە شین" وەک بوونەوەری
دەریایی بچووک و سەرنجڕاکێش دەربکەوێت، بەڵام لە پشت شێوە بریقەدارەکەیەوە، یەکێک لە
مەترسیدارترین ژەهرەکانی جیهانی دەریاکانی تێدا شاراوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتێک کە لە ڕۆژنامەی "تێلێگراف"ەوە
وەرگیراوە، ئەم زیندەوەرە سەر بە جۆری "Hapalochlaena lunulate"یە کە بە "هەشتپێی ئەڵقە شین" ناسراوە، ئەم جۆرە لە
ئاوە گەرم و کەمە گەرمەکانی ناوچەی زەریای هیندی و هێمن دەژیت، لە ئوسترالیا و سریلانکاوە
تا دەگاتە ژاپۆن، درێژییەکەی زۆرجار لە ١٠ سانتیمەتر تێپەڕ ناکات، بە یەکێک لە ژەهراویترین
بوونەوەری دەریایی دادەنرێت.
مەترسییەکەی لەو ژەهرەدایە کە لە ناو لیکی دەمیدا
هەیە؛ ژەهرێکی دەماریی "Neurotoxin" یەکجار بەهێزە کە لە ڕووی
تیۆرییەوە بەسە بۆ کوشتنی ٢٦ کەس لە چەند خولەکێکدا، مەترسیدارترین خاڵیش ئەوەیە کە
تا ئێستا پزیشکی نەیتوانیوە هیچ دژە ژەهرێکی ڕاستەوخۆ بۆ ئەم ژەهرە بدۆزێتەوە.
لە کاتی بەرکەوتنی پێوەدانەکەیدا، ڕەنگە ئیفلیجییەکی
خێرای ماسولکەکان ڕووبدات کە لە ماوەی چەند خولەکێکی کەمدا کار دەکاتە سەر کۆئەندامی
هەناسەدان، ئەمەش وادەکات دەستبەجێ گەیاندنی بۆ پزیشک و بەکارهێنانی ئامێری هەناسەدانی
دەستکرد ببێتە هۆکاری سەرەکی بۆ ڕزگارکردنی ژیانی کەسەکە.
یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی ئەم هەشتپێیە،
دەرکەوتنی ئەڵقەی شینی کارەباییە لەسەر جەستەی کاتێک هەست بە مەترسی دەکات، ئەم ئەڵقانە
وەک ئاماژەیەکی ئاگادارکردنەوەی سروشتی کار دەکەن بۆ نێچیرگرەکان، بەڵام لە بارودۆخی
ئاساییدا ڕەنگە ڕەنگی خۆڵەمێشی یان زەردێکی کاڵ بنوێنێت، ئەمەش وادەکات زۆرێک لە خەڵکی
هەست بە مەترسییەکەی نەکەن.
پسپۆڕەکان وەک "Pishipedia" ڕوونی دەکەنەوە کە ئەم جۆرە جەستەیەکی بچووکی پەستێنراو و هەشت
قۆڵی کورتی هەیە لەگەڵ سەرێکی کەمێک درێژکۆلە، سەرەڕای ئەوەی بە شێوەیەکی گشتی ڕەفتاری
هێمنە و خۆی لە مرۆڤ بەدوور دەگرێت، بەڵام ئەگەر هەست بکات گەمارۆ دراوە یان کەسێک
هەوڵی دەستلێدانی بدات، پەنا بۆ پێوەدان دەبات.
لەبەر ئەم هۆکارە، پسپۆڕان هۆشداری دەدەن لە
مامەڵەکردن لەگەڵ زیندەوەرە دەریاییە نەناسراوەکان؛ چونکە هەندێک لە مەترسیدارترین
ئەم زیندەوەرانە ڕەنگە لە یەکەم نیگادا بچووک و جوان بن، بەڵام ژەهرێکی کوشندەیان تێدا
شاراوەتەوە.