دیاردەیەکی تەمومژاوی لە بۆشایی ئاسماندا روویدا

PM:12:21:04/04/2026

3504 جار خوێندراوەتەوە

لێکۆڵینەوەیەکی نوێ ئاماژەی بە دیاردەیەکی چاوەڕواننەکراو کرد لە تەوژمی تیشکە گەردوونییەکان لە ناو کۆمەڵەی خۆردا، ئەنجامەکان باس لەوە دەکەن کە ئەم گەردیلە وزە بەرزانە بەو شێوەیە ڕێکنەخراون کە پێشتر تێڕوانینیان بۆ دەکرا.

بەگوێرەی گۆڤاری "ساینس ئەدڤانسز"، ئەم ئەنجامانە بە پشتبەست بەو زانیارییانە هاتوون کە کەشتیی ئاسمانیی چینی "Chang'e 4" کۆی کردوونەتەوە، کە لەسەر بەشە شاراوەکەی مانگ کار دەکات، کەشتییەکە تێبینی شتێکی کردووە هاوشێوەی کەلێن یان دابەزینێکی بەرچاو لە تەوژمی تیشکە گەردوونییەکان لە نێوان زەوی و مانگدا، کە لە کاتی ڕیزبوونیان بە شێوەیەکی دیاریکراو دەردەکەوێت.

ئەم دۆزینەوەیە ئاماژەیە بۆ بوونی کارلێکی ئاڵۆز لەنێوان کایە موگناتیسییەکان لە بۆشایی ئاسماندا، ئەمەش ڕەنگە ئاسۆیەکی نوێ بکاتەوە بۆ تێگەیشتن لە ژینگەی بۆشایی ئاسمان و پەرەپێدانی ڕێگەی نوێ بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی تیشکدانەوە کە ڕووبەڕووی کەشتیوانانی ئاسمان دەبنەوە.

تیشکە گەردوونییەکان زۆربەیان لە گەردیلەی بارگاوی وەک پرۆتۆن و ناوکی ئەتۆمەکان پێکدێن، کە لە ئەنجامی ڕووداوە گەردوونییە توندەکانەوە وەک تەقینەوەی ئەستێرەکان دروست دەبن.

ئەم تیشکانە بە یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی تیشکدانەوە لە بۆشایی ئاسماندا دادەنرێن، چونکە دەتوانن کاریگەری بکەنە سەر خانە زیندووەکان و زیان بە ترشی ناوکی (DNA) بگەیەنن.

هەرچەندە بەرگەهەوای زەوی پارێزگاری لە سەر ڕووی زەوی دەکات لە زۆربەی ئەم تیشکانە، بەڵام هێشتا وەک مەترسییەکی ڕاستەقینە بۆ سەر کەشتیوانانی ئاسمان و ئەو فڕۆکانەی لە بەرزییەکی زۆردا دەفڕن دەمێننەوە.

زانیارییەکان، کە لە ماوەی ٣١ خولگەی مانگدا کۆکراونەتەوە، دەریانخستووە کە مانگ لە بەشێکی دیاریکراوی خولگەکەیدا بە ناوچەیەکدا تێدەپەڕێت کە تەوژمی پرۆتۆنەکان بە ڕێژەی ٢٠٪ بەراورد بە ڕێڕەوەکەی دیکە کەمدەبێتەوە، توێژەران پێیان وایە ئەم دیاردەیە پەیوەندی بە کارلێکی کایەی موگناتیسی زەوی لەگەڵ کایەی موگناتیسی خۆرەوە هەیە.

ئەمە بە دیاردەیەک ڕووندەکرێتەوە کە بە "Parker spiral" دەناسرێت، تێیدا کایەی موگناتیسی خۆر بەهۆی خولانەوەی خۆرەوە شێوەیەکی لوولپێچی وەردەگرێت. کاتێک ئەم کایەیە بە شێوەیەکی دیاریکراو لەگەڵ کایەی موگناتیسی زەوی یەکدەبڕن، شتێک هاوشێوەی سێبەر دروست دەبێت کە بەشێک لە تیشکە گەردوونییەکان دەشارێتەوە.

لە کاتی تێپەڕبوونی مانگ بە ناو ئەم سێبەرە گەردوونییەدا، کە نزیکەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت، بڕی تیشکدانەوەی تۆمارکراو کەمدەبێتەوە، ئەمەش دەرفەتێکی دەگمەن دەداتە زانایان بۆ لێکۆڵینەوەی وردتر لەم دیاردەیە.

توێژەران لەو بڕوایەدان کە ئەم دۆزینەوەیە لە داهاتوودا کارپێکردنی گرنگی دەبێت، بەتایبەت لە داڕشتنی گەشتە ئاسمانییەکان بە شێوەیەکی سەلامەتتر، ئەویش لە ڕێگەی سوودوەرگرتن لەم ناوچانەی کە تیشکدانەوەیان کەمە بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان لەسەر مرۆڤ و ئامێرەکان لە بۆشایی ئاسماندا.