وێنەگرێک لە باوەشی چیتایەکدا بە ئاگا هاتەوە

PM:01:04:03/04/2026

14820 جار خوێندراوەتەوە

ڕوداوێکی دەگمەن و سەر سوڕهێنەر لە جیهانی ژیانی کێویدا دەنگدانەوەی زۆری دروست کردووە، دوای ئەوەی وێنەگرێکی شارەزا لە کاتی پشوودانێکدا لە ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا، خۆی لە تەنیشت یەکێک لە خێراترین ئاژەڵە کێوییەکاندا بینییەوە.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی"talk android ئەم وێنەگرە کە بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر چاودێری ئاژەڵەکانی کردبوو، لە ژێر سێبەری دارێکدا خەوی لێ کەوتبوو، بەڵام کاتێک بەئاگا هاتەوە، بینی کە پلنگێکی "چیتا" لە تەنیشتی ڕاکشاوە و بە ئارامی خەوتووە.

ئەم ڕووداوە بە یەکێک لە دەگمەنترین جۆرەکانی پەیوەندی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵی کێوی دادەنرێت، چونکە چیتا بە سروشتی خۆی ئاژەڵێکی شەرمنە و لە مرۆڤ دوور دەکەوێتەوە.

وێنەگرەکە باس لەوە دەکات کە لە سەرەتادا وا هەستی کردووە خەون دەبینێت کاتێک گەرمی جەستەی ئاژەڵەکەی لە تەنیشت خۆی هەست پێ کردووە.

شارەزایان پێیان وایە ڕەنگە ماندوێتی زۆر یان ئەو ئارامییەی وێنەگرەکە لە کاتی خەودا هەیبووە، وای لە چیتاکە کردبێت ئەو شوێنە بۆ حەسانەوە هەڵبژێرێت.

وێنەی ئەم ساتە ناوازەیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە خێرایی بڵاو بووەوە و بووە جێی سەرنجی ئاژەڵ دۆستانو میدیاکان. لە کاتێکدا هەندێک ئەمە بە نیشانەی گۆڕانی ڕەفتاری ئاژەڵەکان بەرامبەر مرۆڤ دەبینن، بەشێکی تر هۆشداری دەدەن کە ئەمە حاڵەتێکی زۆر دەگمەنە و نابێت وەک ڕەفتارێکی ئاسایی ئاژەڵە دڕندەکان سەیر بکرێت.

ئەم چیرۆکە جارێکی تر ئەوەی سەلماندەوە کە سروشت هەمیشە سوپڕایزی چاوەڕواننەکراوی بۆ مرۆڤ پێیە.