دۆزینەوەی
بەردبوویەکی دەگمەنی جۆرێکی نوێی مێروو لە کەنەدا دەنگدانەوەی زۆری دروست کردووە.
دوای ئەوەی قوتابییەکی زانکۆ توانی باڵێکی
بەردبووی مێرووی "پۆپۆزە" یان "شۆفانی" بە تەمەنی ٧٥ ملیۆن
ساڵ لەناو پارکێکی نیشتمانی لە هەرێمی ئەلبێرتا بدۆزێتەوە.
ئەم دۆزینەوەیە
لە ناوچەیەکدا بووە کە بە زۆری بە شوێنی ئێسک و پرووسکی دایناسۆرەکان ناسراوە، هەر
بۆیە دۆزینەوەی مێروو لەو ژینگەیەدا بە کارێکی چاوەڕواننەکراو و دەستکەوتێکی
زانستی گرنگ دادەنرێت.
توێژینەوەکە لە
لایەن تیمێکی زانکۆی مەکگیل ئەنجامدراوە و تێیدا دەرکەوتووە کە ئەم بەردبووە
دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کڕیتاسیۆس و بۆشایییەکی گەورە لە مێژووی پەرەسەندنی
مێرووەکان پڕ دەکاتەوە کە ماوەی ٣٠ ملیۆن ساڵی دەخایاند.
ئەم جۆرە نوێیەی مێرووەکە ناوی زانستی "Cordualadensa acorni" لێنراوە و قەبارەی باڵەکانی هێندەی دەستی مرۆڤێک
دەبێت، هەروەها پێکهاتەی باڵەکەی دەری دەخات کە ئەم مێرووە توانای فڕینی دوور و
کۆچکردنی هەبووە.
ئاندرێ مۆلەر
کە قوتابی ماستەرە و نووسەری سەرەکی توێژینەوەکەیە، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەوان
لە کاتی گەڕان بەدوای بەردبووی گەڵای دارەکاندا تووشی ئەم سوپڕایزە بوون، چونکە
پێشتر تەنها مێرووی زۆر ورد لەو ناوچەیەدا دۆزرابوونەوە.
پرۆفیسۆر هانس
لارسۆن باوەڕی وایە ئەم نموونەیە وێنەیەکی ڕوونترمان لەسەر ژینگەی کەنەدا لە
سەردەمی داینەسورەکاندا پێ دەدات و دەیسەلمێنێت کە هەمەجۆریی ژیان لەو سەردەمەدا
زۆر زیاتر بووە لەوەی پێشتر بیری لێ دەکرایەوە.