ئەمڕۆ ناسا دوای ٥٠ ساڵ دەگەڕێتەوە دەوری مانگ

PM:05:34:01/04/2026

708 جار خوێندراوەتەوە

دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٥٠ ساڵ بەسەر کۆتا گەشتی مرۆڤ بۆ سەر مانگ، بڕیارە ئەمڕۆ ناسا گەورەترین موشەکی خۆی لە ناوەندی بۆشاییگەری کەنەدی لە فلۆریداوە ڕەوانەی مانگ بکات.

ئەم گەشتە کە چوار کەشتیوانی تێدایە، کاتژمێر ٦:٢٤ی ئێوارە بە کاتی ئەمریکا دەست پێ دەکات و دەبێتە یەکەم هەنگاوی کرداری بۆ گەڕانەوەی مرۆڤ بۆ سەر مانگ و نیشتەجێبوون لەوێ لە داهاتوودا.

تیمی ئەم گەشتە پێکهاتوون لە ڕید وایزمان، کریستینا کۆک، ڤیکتۆر گڵۆڤەر و جێرمی هانسن کە کەشتیوانێکی کەنەدییە.

ئەم گەشتە ١٠ ڕۆژ دەخایەنێت و تێیدا کەشتیوانەکان ناچنە سەر ڕووی مانگ، بەڵکو تەنها بە دەوریدا دەسووڕێنەوە. ئەمە وەک تاقیکردنەوەیەک دەبێت بۆ گەشتەکەی ساڵی ٢٠٢٨ کە بڕیارە تێیدا مرۆڤ دووبارە پێ بخاتە سەر خاکی مانگ.

یەکێک لە لایەنە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم گەشتە لۆگۆی ئەرکەکەیە کە کەشتیوانەکان خۆیان دیزاینیان کردووە.

ڤیکتۆر گڵۆڤەر، فڕۆکەوانی گەشتەکە دەڵێت نیشانەی "A II"کە مەبەست لێی "artemis2 بە شێوازێک نەخشێندراوە کە وەک وشەی "All" (هەمووان) دەربکەوێت، چونکە دەیانەوێت پەیامی یەکگرتوویی و پێکەوەبوون بە جیهان بگەیەنن و پیشانی بدەن کە ئەم گەشتە هی هەموو مرۆڤایەتییە نەک تەنها لایەنێکی دیاریکراو.