دیوارێکی کۆنی چوار هەزار کیلۆمەتری دۆزرایەوە

PM:04:57:01/04/2026

5128 جار خوێندراوەتەوە

لێکۆڵینەوەیەکی نوێ ڕاستی تەمومژاویی دیوارێکی مەزنی ئاشکرا کردووە کە بە بیابانەکانی مەنگۆلیادا تێدەپەڕێت.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی"DailyGalaxyئەم دیوارە کە بە "دیواری گۆبی" ناسراوە و بەشێکە لە سیستەمێکی دیواربەندی بەرفراوان بە درێژایی ٤٠٠٠ کیلۆمەتر لە نێوان چین، مەنگۆلیا و سیبیریا، تا ئێستا وەک دیوارێکی بەرگری سادە دەبینرا، بەڵام دەرکەوتووە کە مەبەست لە دروستکردنی زۆر لەوە ئاڵۆزتر بووە.

شوێنەوارناسان گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە ئەم دیوارە لە سەردەمی بنەماڵەی "سی شیا" دروستکراوە.

پرۆفیسۆر گیدیۆن شێلاخ-لاڤی و تیمەکەی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم پەرژینە تەنیا بۆ ڕێگریکردن لە دوژمن نەبووە، بەڵکو وەک ئامرازێکی کارگێڕی بەهێز بۆ کۆنترۆڵکردنی بازرگانی، جووڵەی خەڵک و سەرچاوە سروشتییەکانی وەک ئاو و دار بەکارهاتووە.

تەکنیکی دروستکردنی دیوارەکە سەرسوڕهێنەرە و بە بەکارهێنانی خۆڵ و بەرد و داری ناوخۆیی، و لە شوێنە ستراتیژییەکانی وەک نزیک سەرچاوەکانی ئاو و گەرووی چیاکان قەڵای سەربازی لێ دروستکراوە.

ئەوەی زیاتر جێی سەرنجە ئەوەیە کە پاشماوەی مرۆیی لەم ناوچەیەدا دۆزراوەتەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی دووەمی پێش زایین تاوەکو سەدەی نۆزدەهەمی زایینی، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەم ڕێڕەوە بۆ ماوەی زیاتر لە دوو هەزار ساڵ بایەخێکی لەڕادەبەدەری هەبووە و ناوەندێکی زیندووی بەڕێوەبردنی خاکی بووە نەک تەنیا هێڵێکی سنووریی بێدەنگ.