بەهۆی ئەوەی توانیویەتی بەربەستە
پارێزراوەکانی زیرەکی دەستکرد تێپەڕێنێت، مێردمنداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵان لە
بەریتانیا پێش خۆکوشتنی ڕاوێژی وردی لە "ChatGPT"وەرگرتووە.
لە دانیشتنێکی دادگای پزیشکی دادوەری
لە شاری وینچستەری بەریتانیا، وردەکارییەکی سەیر دەربارەی خۆکوشتنی مێردمنداڵێک بە
ناوی لوکا وۆکەری تەمەن ١٦ ساڵ ئاشکرا بوو، لوکا توانیبووی بەربەستە پارێزراوەکانی
بەرنامەی "ChatGPT"تێپەڕێنێت و ڕاوێژ بە ڕۆبۆتی زیرەکی
دەستکرد بکات بۆ ئەوەی زانیاریی وردی دەست بکەوێت لەسەر ئەوەی چۆن کۆتایی بە ژیانی
خۆی بهێنێت.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی ڕۆژنامەی
"زە تایمز" بڵاویکردووەتەوە، لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لوکا چەند
کاتژمێرێک پێش مردنی گفتوگۆیەکی ترسناکی لەگەڵ زیرەکی دەستکردەکەدا کردووە.
سەرەڕای ئەوەی کە پڕۆتۆکۆڵ و ڕێکاری
پاراستن هەن کە ڕێگری لە پێشکەشکردنی زانیاری دەربارەی خۆکوشتن دەکەن، بەڵام ئەم
مێردمنداڵە توانیویەتی بە درۆ و بە بیانووی ئەوەی "توێژینەوەیەکی
خوێندن" دەکات، تێیان پەڕێنێت.
ڕۆبۆتەکەش لە وەڵامدا وردەکاریی
لەسەر کاریگەرترین ڕێگاکان بۆ خۆکوشتن لە ڕێگەی هێڵی شەمەندەفەرەوە پێشکەش کردووە.
دایک و باوکی لوکا تووشی شۆک بوون،
جەختیان لەوە کردەوە کە هیچ نیشانەیەکی کێشەی دەروونییان لە کوڕەکەیان بەدی
نەکردووە.
ئەو نامە ماڵئاواییانەی لوکا لە
مۆبایلەکەیدا بەجێیهێشتوون، ئاماژە بەوە دەکەن کە هەستی بە شەرمەزاری کردووە لە قوتابخانە
تایبەتەکەی پێشووی ئەمەش برینێکی قووڵی لە ناخیدا بەجێهێشتووە.
لێکۆڵینەوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە
کە کاریگەریی مەرگی هاوڕێیەکی لە ڕووداوێکی هاوشێوەدا، کە دوو ساڵ پێش ئێستا
ڕوویداوە، ڕۆڵی هەبووە.
بە گوتەی شارەزایان، ئەم ڕووداوە
کۆمپانیاکانی زیرەکی دەستکرد دەخاتە بەردەم گوشارێکی زۆرەوە بۆ پێداچوونەوە بە
پێوەرەکانی سەلامەتی، هەرچەندە لێکۆڵەران ئاماژەیان بەوە کردووە کە گەڕان بەدوای
ئەم زانیارییانە لە ڕابردوودا لە ڕێگەی "گوگڵ" یان کتێبخانەکانەوە
ئەنجام دەدرا، بەڵام خێرایی و ئاسانیی بەدەستهێنانی وەڵامی ورد لە زیرەکی
دەستکرددا، مەترسیی ڕووداوەکە بۆ سەر گروپە لاوازەکان زیاتر دەکات.