١ی نیسانی هەموو
ساڵێک، بە ڕۆژی جیهانی درۆ ناسراوە، بەشێک لە هۆز و خەڵکەکان لە وڵاتە جیاوازەکانی
جیهاندا ئاهەنگ بەم ڕۆژە دەگێڕن بۆ گاڵتە فێڵ و درۆ لەگەڵ یەکتردا دەکەن.
سەبارەت بە سەرچاوە و مێژووی "ڕۆژی درۆی
نیسان"، ڕای جیاواز و چیرۆکی جۆراوجۆر هەن، چونکە هیچ بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوەی
مێژوویی نییە کە بە دیاریکراوی بڵێت ئەم نەریتە کەی و چۆن دەستی پێکردووە.
لێرەدا دیارترین بۆچوونەکان دەخەینەڕوو:
- گۆڕانکاریی
ساڵنامە:
باوترین بیردۆز بۆ سەدەی ١٦یەم دەگەڕێتەوە لە
فەرەنسا، پێشتر ساڵی نوێ لە ٢٥ی ئازارەوە دەستی پێدەکرد و ئاهەنگەکان تا ١ی نیسان بەردەوام
بوون، بەڵام ساڵی ١٥٦٤دا، پاشا "چارڵزی نۆیەمی فەرەنسا" بڕیاریدا ساڵنامەکە
بگۆڕێت و ١ی کانوونی دووەم بکات بە یەکەم ڕۆژی ساڵ، ئەوانەی کە ئاگاداری گۆڕانکارییەکە
نەبوون یان نکۆڵییان لێ دەکرد و هەر لە ١ی نیسان ئاهەنگی ساڵی نوێیان دەگێڕا، بوون
بە جێگەی گاڵتەجاڕی خەڵک و بە گەمژەی نیسان "April Fool" ناویان دەبردن.
- پەیوەندی بە
وەرزەکانەوە:
هەندێک مێژوونووس پێیان وایە ئەم ڕۆژە پەیوەندی
بە سروشتەوە هەیە چونکە ئەم ڕۆژە دەکەوێتە سەرەتای بەهار و گۆڕانی کەشوهەوا، سروشت
لەم کاتەدا خەڵەتێنەرە، واتە زۆرجار کەشوهەوا لە نێوان خۆرەتاو و باراندا دەگۆڕێت،
مرۆڤەکان ئەم گۆڕانکارییەی سروشتیان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی گاڵتە بە یەکتر بکەن.
- ئەفسانە کۆنەکان:
هەندێک سەرچاوە ڕەگی ئەم ڕۆژە بۆ چیرۆکە کۆنەکان
دەگەڕێننەوە وەک، چیرۆکی " Canterbury Tales"
نووسینەکانی جێفری چۆسەر لە سەدەی ١٤دا ئاماژە بە ڕۆژێکی هاوشێوە کراوە کە تێیدا کەسێک
بە هەڵە دەکەوێتە داوی گاڵتەکردنەوە، هەروەها هەندێک باوەڕیان وایە ئەم ڕۆژە پەیوەندی
بە جەژنی هیلاریای ڕۆمییەکانەوە هەیە، کە جەژنێکی شادی و گاڵتەکردن بووە و لە کۆتایی
مانگی ئازاردا ئەنجامدراوە.
سەرەڕای ئەوەی سەرچاوەکەی ڕوون نییە، بەڵام ئەم
نەریتە لە سەدەی ١٨دا بەتەواوی لە بەریتانیا و وڵاتانی ئەوروپادا بڵاوبووەوە، لە سەردەمی
ئەمڕۆماندا، بەشێک لە خەڵکی بەشێوەیەکی فراوان بەکاری دەهێنن بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵی
گاڵتەجاڕی.