ژاپۆن بۆ ڕزگار بوون لە پاشماوەی دایبی منداڵان ڕێگەیەکی نوێی دۆزییەوە

PM:04:28:31/03/2026

4336 جار خوێندراوەتەوە

دۆزینەوەیەکی نوێ لە ژاپۆن ڕێگە خۆش دەکات بۆ ڕزگاربوون لە یەکێک لە گەورەترین کێشە ژینگەییەکانی جیهان کە ئەویش پاشماوەی دایبی منداڵە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی"POPSCI"، ئەندازیارانی ژاپۆنی بە هاوکاری کۆمپانیای "یونیکارم "توانیویانە تەکنیکێکی پێشکەوتوو بدۆزنەوە بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەی دایبییە پیسبووەکان.

دایبی سێیەم باوترین بەرهەمی بەکاربەرە کە لە زبڵخانەکاندا کۆدەبێتەوە و بەهۆی پێکهاتە پلاستیکییەکانیەوە نزیکەی ٥٠٠ ساڵی پێدەچێت تا بە تەواوی شی ببێتەوە.

لە وڵاتێکی وەک ئەمریکا ساڵانە زیاتر لە یەک تریلیۆن دایبی فڕێ دەدرێت، ئەمەش وای کردووە زانایان بەدوای چارەسەری بەپەلەدا بگەڕێن.

پرۆسە نوێیەکە لە شارۆچکەکانی شیبوشی و ئۆساکی لە باشووری ژاپۆن دەستی پێکردووە، لەم ڕێگەیەدا دایبییە کۆکراوەکان پاک دەکرێنەوە و پارچەپارچە دەکرێن، پاشان جیا دەکرێنەوە بۆ پێکهاتە سەرەکییەکانی وەک پلاستیک و کاغەز و مادی مژەری شلەمەنی.

ئەوەی ئەم دەستکەوتە لە هەوڵەکانی پێشوو جیا دەکاتەوە، بەکارهێنانی گازی ئۆزۆنە بۆ سپیکردنەوە و پاکژکردنەوە و نەهێشتنی بۆنی ناخۆشی پاشماوەکان، کە ڕێگە خۆش دەکات بۆ دروستکردنەوەی دایبی نوێ لە پاشماوە کۆنەکان.

کۆمپانیای یونیکارم ئامانجی ئەوەیە تا ساڵی ٢٠٢٨ ئەم دایبییە دروستکراوانە بە شێوەیەکی بەرفراوان بخاتە بازاڕەوە. هەرچەندە لە ئێستادا تێچووی ئەم بەرهەمانە بە ڕێژەی ١٠٪ لە دایبی ئاسایی گرانترە، بەڵام سوودێکی زۆری بۆ ژینگە هەیە و بڕێکی کەمتر ئاو لە پرۆسەی بەرهەمهێنانیدا بەکاردێت.

چاوەڕوان دەکرێت لە دە ساڵی داهاتوودا ئەم بەرنامەیە بۆ ٢٠ شارەوانی تری ژاپۆن فراوان بکرێت و ببێتە نموونەیەک بۆ هەموو جیهان.