کەشتیوانێکی ئەمریکی وردەکاریی ڕووداوێکی پزیشکی
ناڕوونی ئاشکرا کرد کە لە کاتی مانەوەی لە وێستگەی بۆشایی ئاسمانی نێودەوڵەتیدا ڕوویداوە،
ئەمەش بووەتە هۆی ئەنجامدانی یەکەم پرۆسەی گواستنەوەی پزیشکیی بەپەلە لە مێژووی ئاژانسی
ناسادا.
بەپێی هەواڵێکی "دەیلی مەیل"، کەشتیوانی
بۆشایی ئاسمان مایک فینکی، لە کاتی نانخواردندا دوای ئامادەکارییەکان بۆ گەشتێکی ڕۆیشتن
لە بۆشایی ئاسماندا، بە شێوەیەکی لەناکاو توانای قسەکردنی لەدەستداوە، ئەمەش وەک ڕووداوێکی
خێرا و ناخۆش باسی لێوە دەکات.
فینکی تەمەن ٥٩ ساڵ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمە
نزیکەی ٢٠ خولەکی خایاندووە، بەبێ ئەوەی هەست بە هیچ ئازارێک یان خنکانێک بکات، پێش
ئەوەی بە تەواوی بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی.
وتیشی هاوکارەکانی دەستبەجێ هەستیان بە بارودۆخەکەی
کردووە و پەیوەندییان بە پزیشکانی سەر زەوییەوە کردووە، ئەمەش وایکرد بڕیارێکی بەپەلە
بۆ گواستنەوەی تیمەکە بدرێت.
سەرەڕای ئەنجامدانی چەندین پشکنین، پزیشکان تا
ئێستا نەیانتوانیوە هۆکاری وردی ئەو حاڵەتە دیاری بکەن، بەڵام ئەگەری جەڵتەی دڵیان
ڕەتکردووەتەوە.
یەکێک لە لێکدانەوە ئەگەرەکان پەیوەندی بە کاریگەرییەکانی
نەبوونی کێشکردنەوە هەیە، بەتایبەت کە فینکی لە ماوەی ژیانی پیشەییدا کۆی ٥٤٩ ڕۆژی
لە بۆشایی ئاسماندا بەسەر بردووە.
ڕووداوەکە وای لە ئاژانسی "NASA" کرد یەکەم پرۆسەی چۆڵکردنی پزیشکی لە وێستگەی بۆشایی ئاسمانی
نێودەوڵەتی جێبەجێ بکات، بە جۆرێک تاقمی ئەرکی "Crew-11" مانگێک پێش وادەی دیاریکراوی خۆیان گەڕێندرانەوە بۆ سەر زەوی.
جێگەی باسە تیمەکە جگە لە فینکی، هەر یەکە لە
زینا کاردمان، کیمیا یوی و ئۆلیگ پلاتۆنۆفی لەخۆگرتبوو.
فینکی ئاماژەی بەوە کرد کە تێکچوونی باری تەندروستییەکەی
بووەتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەرکێکی ڕۆیشتن لە بۆشایی ئاسمان و کاریگەری لەسەر خشتەی
تەواوی تیمەکە هەبووە، ئەمەش وایکردووە هەست بە بەرپرسیارێتی بکات پێش ئەوەی هاوکارەکانی
دڵنیای بکەنەوە کە ئەوەی ڕوویداوە لەدەست ئەو نەبووە.
لە ئێستادا ناسا خەریکی پێداچوونەوەی تۆمارە
پزیشکییەکانی کەشتیوانانی دیکەیە بۆ دڵنیابوونەوە لە هەبوونی دۆخی هاوشێوە، دوای گەڕانەوەیان
بۆ زەوی، تیمەکە کەوتنە ژێر پشکنینی پزیشکی ورد، فینکیش جەختی کردەوە کە هێشتا تەندروستییەکی
باشی هەیە و هیوای خواست دووبارە بگەڕێتەوە بۆ بۆشایی ئاسمان.