ڕۆبۆتێک زلەیەکی بەهیز لە منداڵێک دەدات

PM:05:58:30/03/2026

140 جار خوێندراوەتەوە

 

ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە، نیشانی دەدات کە ڕۆبۆتێکی مرۆیی لە کاتی نمایشێکی سەماکردندا لە پارێزگای شانکسی لە وڵاتی چین، بە هەڵە زلەیەکی بەهێز لە دەموچاوی منداڵێک دەدات.

بە پێی بڵاوکراوەیەکی ماڵپەڕی"NDTV ئەم ڕووداوە، مشتومڕێکی نوێی دەربارەی سەلامەتی بەکارهێنانی ڕۆبۆتەکان لە شوێنە گشتییەکاندا هێناوەتە ئاراوە.

ڕۆبۆتەکە لە جۆری "G1"ە و لەلایەن کۆمپانیای چینی "Unitree Robotics" دروست کراوە.

وەک لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، ڕۆبۆتەکە خەریکی سوڕانەوە و سەما بووە لە ناوچەیەکی دیاریکراودا، بەڵام لەناکاو یەکێک لە قۆڵەکانی بەر دەموچاوی منداڵێک دەکەوێت کە لە نزیکیدا وەستاوە.

هەرچەندە سەرپەرشتیارانی ڕۆبۆتەکە یەکسەر هەوڵیان دا ئامێرەکە دوور بخەنەوە، بەڵام ڕۆبۆتەکە بەردەوام بوو لە تەواوکردنی ئەو بەرنامەیەی بۆی داڕێژرابوو.

ئەم ڕۆبۆتە کە کێشی ٣٥ کیلۆگرامە و نرخەکەی لە دەوروبەری ١٣,٥٠٠ دۆلارەوە دەست پێ دەکات، بۆ مەبەستی توێژینەوە و فێربوون دروست کراوە.

بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نیگەرانی قووڵی خۆیان دەربڕیوە، هەندێکیان دەڵێن کە لێدانی پارچە ئاسنێکی وا لە منداڵ زۆر بەئازارە و هەندێکی تریش پێیان وایە ئەم ئامێرانە هێشتا ئامادە نین بۆ ئەوەی بەبێ چاودێرییەکی توند لە ناو خەڵکدا بن.

ئەمە یەکەمین ڕووداوی لەم شێوەیە نییە بۆ کۆمپانیای "Unitree" پێشتر ڕۆبۆتێکی تری ئەم کۆمپانیایە لە سەرپەرشتیارەکەی خۆی دابوو، هەروەها لە سەرەتای ئەم مانگەشدا ڕۆبۆتێکی تر لە ناوچەی ماکاو لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر کرا، دوای ئەوەی ژنێکی بەساڵاچووی هێندە ترساندبوو کە پێویستی بە نەخۆشخانە هەبوو.

ئەم زنجیرە ڕووداوە پرسیاری گەورە لەسەر ئەو ڕێکارە یاسایی و سەلامەتییانە دروست کردووە کە پێویستە پێش بڵاوکردنەوەی ڕۆبۆتەکان لە ناو کۆمەڵگەدا جێبەجێ بکرێن.