بلۆگەرێک ٥٠ هەزار دۆلاری دا و هەژمارەکەشی وەرنەگرتەوە

PM:02:34:30/03/2026

2476 جار خوێندراوەتەوە

بلۆگەرێکی ڕووسی بووە قوربانی فێڵێکی گەورە دوای هاککردنی هەژمارەکەی ٥٠ هەزار دۆلاری دا و هەژمارەکەشی وەرنەگرتەوە.

بلۆگەری دیاری ڕووسی میخائیل لیتڤین، بووە قوربانی پرۆسەیەکی فێڵکردن، دوای ئەوەی بڕی ٥٠ هەزار دۆلاری داوە بە چەند کەسێک بۆ وەرگرتنەوەی هەژمارە هاککراوەکەی لە ئینستاگرام، لیتڤین وردەکارییەکانی ڕووداوەکەی لە ڕێگەی چەناڵی خۆی لە تێلیگرام بڵاوکردەوە.

لیتڤین ئاماژەی بەوە کردووە کە دوای هاککردنی هەژمارەکەی، یەکسەر ڕووی لە داواکاری گشتی کردووە، بەڵام چەند بلۆگەرێکی دیکە کە هەمان ئەزموونیان هەبووە ڕێنماییان کردووە کە لەگەڵ هاککەرەکاندا بکەوێتە گفتوگۆ و بڕێک پارەیان پێ بدات بۆ وەرگرتنەوەی هەژمارەکەی، ئەو ڕوونی کردەوە کە تێچووی وەرگرتنەوەی هەژمارەکەی بەپێی ژمارەی فۆڵۆوەرەکان دەگۆڕێت، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو بڕە پارەیەی لێی داوا کراوە لە نێوان ٥٠ هەزار بۆ ١٠٠ هەزار دۆلاردا بووە.

هەروەها وتیشی، پابەندی هەموو مەرجەکانی ئەو کەسانە بووە و پارەکەی بۆ ناردوون، بەڵام نەیتوانیوە کۆنترۆڵی هەژمارەکەی لە ئینستاگرام وەربگرێتەوە.

جەختیشی کردەوە کە گرووپێکی ڕێکخراو لە پشت ئەم کارانەوەن و پسپۆڕن لە هاککردنی هەژماری کەسایەتییە ناودارەکانی ڕووسیا لەسەر پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیا.