بیرەوەرییە کەسییەکان کەرەستەی گرنگن
بۆ توێژینەوە مێژووییەکان، بیرەوەری فۆڕمێکی مرۆڤانە بە مێژوو دەبەخشێت،
تێگەیشتنێکی جیاواز و کەسیی دەخاتە نێو توێژینەوە ئەکادیمیەکانەوە، لەبەرئەوەی
هەندێک جار بیرەوەرییەکان دەبنە دەنگی بێدەنگەکان، یان دەنگی فەرامۆشکراوەکان، هەر
بۆیە گرنگترین تایبەتمەندیی لەنووسینەوەی بیرەوەریدا بریتییە لە (ڕاستگۆیی) و
(بوێریی) لە خستنە ڕووی بەسەرهات و ڕووداوەکاندا، تەنانەت ئەگەر ئەو بوێرییە
زیانیش بەخاوەنی بیرەوەرییەکە بگەیەنێت.
یاداشتکردنی بیرەوەریەکان لای هەندێک
لە نووسەران و کەسانی دەستەبژێر، کارێکە پێشتر دەرکەوتووە، بەڵام چەند ساڵێکە
زیاتر بەربڵاوە و کەسانی ئاساییش لە نێو کۆمەڵی کوردیدا دەستیان داوەتێ،
خۆشبەختانە ئەمە کارێکی درووستە و لەڕووی مێژووییەوە گرنگی تایبەتی هەیە، بەڵام لە
نێو ئەو لێشاوی نووسینەوەی بیرەوەریانەدا، هەوڵی خانمێکی خۆشگوفت وەک تاقانەیەکی
هەڵکشاو خۆی نمایش دەکات و یەکێکە لە یادەوەرییە سەرنجکێشەکان، بیروەرییەکانی ئەو
ژنە لە دەورانی کۆماری کوردستاندا و لە دووتوێی کتێبێکدا، کە ناوی لێناوە (مانای
ژیانم)، دەروازیەکی گرنگ و پڕ بایەخە بۆ تێگەیشتن لە ژیان و گوزەران و کەلتوور و
مێژووی سیاسی و ڕاگەیاندنی کۆمار و یەکەمین ڕێکخراوی ژنان، تا دەگاتە هەڵایسانی
شۆڕشی خەڵکی ئێران و دروستبوونی دەوڵەتی ئیسلامی لە ئێران. ئەوەی جێی سەرنج و
بایەخە یەکەم جارە ژنێک، کە هاودەمی کۆماری کوردستان بووە، بیرەوەریەکانی
دەنووسێتەوە، بەگێڕانەوەی ژیانی سادەی خۆی و خانەوادەکەی لە چاو و تێڕوانینی کەسیی
خۆیەوە و دوور لە دنیای سیاسەت بە نێو ڕووداوەکان و ژیانی کۆمەڵایەتی ئەو
سەردەمەدا ڕۆدەچێتە قوڵایی. ئەوەی گرنگی زیاتر بەم کتێبە دەدات ئەوەیە ئەم ژنە خۆی
لە یەکەمین خانمە مامۆستاکانی سەردەمی کۆماری کوردستان بووە، بەڵام بیرەوەریەکانی
لە چاوی کەسێکی ئاسایی نێو کۆمەڵگاوە دەنوسێتەوە و باسی دەورانی کۆماری کوردستان
دەکات، ئەم کتێبە بیرەوەری سیاسەتمەدار یان کاربەدەستێکی باڵای سەردەمەکە نییە،
بەڵکو بیرەوەری ژنێکی خوێندەوارە، کە بەهۆی ژنبوونەوە دووچاری چەندین کێشەی ڕەگەزی
و چەرمەسەری کۆمەڵایەتی بۆتەوە.
وەک خۆی باسی دەکات، ئەم خانمە
لەکاتی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستاندا ڕۆژانە ڕووداوەکانی یاداشتکردووە، بەڵام
بەداخەوە بەهۆی نالەباری بارودۆخەوە لەدوای ڕووخانی کۆمار، ناچار بووە تەواوی
دەستنووسەکانی لەناوببات، خۆشبەختانە لە ساڵەکانی کۆتایی تەمەنیدا دووبارە دەستی
بەنووسینەوەیان کردۆتەوە، واتە دووجار بیرەوەرییەکانی نووسیوەتەوە، لە کاتی
نووسینەوەی جاری دووەمدا نزیکەی (٦٠) ساڵ بەسەر ڕووداوەکاندا تێپەڕیوە.
خاتوو کوبرای عەزیمی کەسێکی هۆشیار و
کارای نێو کۆمەڵگا بووە، جگە لە کاری مامۆستایی چالاکوانی مەدەنی و نووسەرێکی
دژەباو و ڕەخنەگریش بووە، زۆرجار ڕەخنەی لە دابونەریت و کەلتووری کۆمەڵگا گرتووە،
نووسینەکانی لە ڕۆژنامەی کوردستانی سەردەمی کۆماردا بڵاوکردۆتەوە، تەنانەت
هەندێکجار لەلایەن ژنانیشەوە دوچاری ڕەخنەی زۆر بۆتەوە، جاریش هەبووە نووسینەکانی
سانسۆر کراوە، یان کەوتۆتە بەر مقەستی چاودێری و لێی قرتێنراوە.
سەرباری شێوازی ناوازەی نووسین و
ناوەڕۆکی پڕ زانیاری کتێبەکە و سادەیی گێرانەوەی ڕووداوەکان، بەڵام بوێریی لە
گێڕانەوەکاندا هەر زوو سەرەنجی منی وەک خوێنەر کێشکرد، ژنێک بێ سڵەمینەوە و بێ
گوێدانە دەرهاویشتەکان لەڕێگەی قەڵەمەکەیەوە چیرۆکی هەوڵدان بۆ (شێواندنی ئابڕوو)،
(بوختان پێکردن) و ناوزڕاندنی کەسیی خۆی بەو پەڕی بوێرییەوە بگێڕێتەوە، بەڕاستی لە
ئەدەبیاتی کوردیدا بێ پێشینەیە و جێگەی پرسیارە، ئەگەر خۆشەویستی نیشتمان و
پاراستنی ڕاستیەکان نەبێت چی وا لەو خاتوونە بەڕێزە دەکات دوای زیاتر لە شەست ساڵ
ئەو ڕاستیانە بدرکێنێت؟
پەیوەندی من و قازی پێش کۆمار:
پێش درووستبوونی کۆمار و تەنانەت پێش
تەڤلی بوون سیاسەتیش، قازی محەمەد کەسایەتیەکی ناودار و خوێندەوارێکی شارەزا بووە،
بەدەر لەو پۆستە باڵایانەشی کە وەریگرتوون، هەمیشە جێگای ڕێزی خەڵک و کەسایەتی
درەوشاوە و متمانە پێکراوی نێو کۆمەڵگابووە.
یەکەم بینینی کوبرا و قازی محەمەد بۆ
ئەوکاتە دەگەڕێتەوە. کە هێشتا تەمەنی کوبرا دە ساڵان بووە و خوێندکاری قۆناغی
چوارەم بووە، وەک خۆی دەڵێت: ''ڕۆژێک کە قوتابی پۆلی چوارەم بووم، کاتی وچان، کە
دەمهەویست لە پۆل بێمە دەرێ، لەناکاو چاوم بە مەلایەک کەوت، کە بەرەو ژووری
بەڕێوبەری قوتابخانەکەمان دەڕۆیشت، چاوەڕێم کرد تا جەنابی مەلا تێپەڕبێت جا بچمە
ناو حەسار، کە چاوی بە من کەوت هێندێکی تێی ڕوانیم پاشان چووە ژوورێ. کە تووشی خات
زڵەخای پێشخزمەتی قوتابخانە بووم، لێم پرسی، ئەو مەلایە کێ بوو چوو بۆ ژووری
بەڕێوبەر؟ گوتی: ''ئەوە مەلا نییە، جەنابی قازی محەمەدە''. ئەوە یەکەمجارم بوو کە
چاوم بە جەنابی قازی محەمەد بکەوێ. تا ئەو دەم نەدیبووم و نە دەمناسی''.
دواتر لە ساڵی (١٩٣٥)دا بەهۆی
باردۆخی ئێرانەوە، کە ڕەزا شا قەدەغەی چارشێوی کردووە، زۆر لە خێزانەکان
نەیانهێشتووە کچەکانیان لە پڕۆسەی خوێندن بەردەوام بێت، کوبراش یەکێک بووە لەوانە،
بەڵام بەهۆی زیرەکی و لێهاتوویی خۆیەوە، هەرچەندە بۆ ماوەی دوو ساڵیش لە خوێندگە
دابڕاوە، بەڵام لە ماڵەوە بە زیرەکی خۆی و هاوکاری براکەی لە خوێندن بەردەوام
بووە، کاتێک دایک و باوکی هەست بە تامەزرۆیی کوبرا دەکەن بۆ خوێندن، دوای دوو ساڵ
جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ خوێندنگە و درێژە بە پڕۆسەی خوێندن دەدات، بەهۆی
لێهاتووییەوە دوای تاقیکردنەوە بەبێ ئەوەی پۆلی پێنجەم بخوێنێت دەخرێتە پۆلی
شەشەم، ئەوکاتەی کوبرا لە پۆلی شەشەم دەبێت، دووان لە کچەکانی قازی محەمەد لە پۆلی
یەکەم دەبن، قازی محەمەد لەو کاتەدا بەڕێوبەری فەرمانگەی پەروەردە بووە، کە ئەو
کاتە پێیوتراوە (ڕەئیسی مەعاریف).
لەدوای ئەوەی کوبرا دەبێتە مامۆستا،
عیسمەت خانی کچە گەورەی پێشەوا قازی محەمەد لە پۆلی چوارەم دەبێت و دەبێتە یەکێک
لە خوێندکارەکانی کوبرا بووە.
پێشەوا خوازبێنی کردم:
زۆربەی کات لە کۆمەڵگای کوردیدا بەشە
میراتی کێشەی قورسی خستۆتە نێو ناوخانەوادەکانەوە و بۆتە هۆی دروستبوونی ناکۆکی
قوڵ لە نێوانیاندا و زۆر جاریش بە کارەسات کۆتایی هاتووە. خێزانی کوبراش لەدوای
مردنی باوکی لەم ناکۆکیە بەدوورنەبوون و لەسەر میراتی باوکی، مامەکانی ناکۆکی و
کێشە لەگەڵ منداڵەکانی دروستدەکەن و داوای بەشە میراتی دەکەن، ئەمەش بۆ خێزانێک
قورسە کە ژنێک بەبێ هاوسەر بمێنتەوە و چەند منداڵێکیش بەخێو بکات، بۆیە دایکی بەو
داوایەی براکانی هاوسەرەکەی ڕازی نابێت. لەدوای مردنی باوکی کوبرا دەبێتە نان
پەیداکەری ماڵ و ئەرکی بەخێوکردنی دایکی و دوو خوشکەکە بچووکەشی دەکەوێتە ئەستۆی
ئەو.
بەو پێیەی کوبرا مامۆستا و خوێندوار
و چاوکراوە بووە، چەند جارێک بە هاندانی دایکی و لەگەڵ خوشکە بچووکەکەی، کە ناوی
عەشیرەت بووە، پەنایان بردۆتە بەر دادگا، کە ئەو سەردەمە پێشەوا، قازی بووە و لە
پێناو دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەیان لەسەر میراتی باوکی لەگەڵ مامەکانیدا، شەکوای
حاڵی خۆیان بۆ ئەو باسکردووە.
جیاواز لە ئێستا، لەو سەردەمەدا
ئاسایی بووە بۆ پیاوێک ژنی دووهەم بهێنێت، بۆیە لە یەکێک لەو جارانەی کە لەگەڵ
خوشکەکەیدا سەردانی دادگای قازی محەمەدیان کردووە، جەنابی قازی داوای لە کوبرا
کردووە تا هاوسەرگیری لەگەڵدا بکات، هەروەک خۆی لە لاپەڕە (٦٧)ی بیرەوەرییەکانیدا
دەڵێت: ''قازی منی وەبەر دڵ کەوتبوو، لەوانەشە جۆرێک لە زیرەکی و وشیاری لە مندا
دیتبێت، کە بووە هۆی خولقاندنی فکرەیەکی وا لە مێشکیدا، چونکە قازی محەمەد مرۆڤێکی
پێشکەوتوخواز بوو و هەمیشە هەوڵی دەدا ژنی کورد هان بدا بۆ خوێندن........''.
ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کوبرا
هەرچەندە مامۆستا بووە و گەنجێکی خوێندەوار بووە و ئەو شووەش سەربەهەوێ بووە،
کەچی، وەک خۆی نایشارێتەوە، داواکەی جەنابی قازی بەلاوە خۆش بووە، هەستی بە
سەربەرزی کردووە، چونکە کەسایەتیەکی وەکو قازی محەمەد بە شیاوی خۆی زانیوە، هەر
بۆیە تەنها بەزەردەخەنەیەکی ڕەتنەکردنەوەوە وەڵامی داوەتەوە، کە ئەمەش ڕەنگە بۆ
کەلتووری کۆمەڵایەتی ئەو قۆناغە گەڕابێتەوە.
ئەم باس و داواکارییە بە نهێنی لە
نێوان خۆی خوشکەکەیدا دەهێڵرێتەوە، تەنانەت بۆ دایکیشی باس ناکات، بەڵام پێدەچێت
بەشێوەیەک دڵی قازی بردبێت کە لە هەوڵەکانی بەردەوام بێت، زۆری پێناچێت بە
شێوەیەکی ڕەسمی قازی دەچێتە پێشەوە و خوازبێنی کوبرا لە دایکی دەکات، ڕۆژێکی هەینی
دەبێت خاتونێک بە ناوی (خات زڵەخا)، کە کارگوزاری خوێندگە دەبێت، لەسەر داوای قازی
محەمەد زۆر بە تاڵوکەیی دەچێت بۆ ماڵی کۆبرا، دایکی کوبرا ناوی (مریەمە خاتوون)
دەبێت، بۆ دایکی کوبرای ڕووندەکاتەوە، کە لەسەر داوای قازی محەمەد هاتووە، قازی لە
قوتابخانە چاوەڕێی دەکات بۆ کارێکی پێویست! ئەمە دایکی سەرسام دەکات، بڕیار دەدات
لەگەڵ کوبرادا پێکەوە بچنە خزمەتی قازی، دوای سڵاو و بەخێرهاتنیان، وەک خۆی
لەلاپەڕە (٦٨)ی بیرەوەییەکاندا دەیگێڕیتەوە و دەڵێت: ''جەنابی قازی ڕووی لە دایکم
کرد و فەرمووی: (بە پێویستی نازانم زۆر ئەم بەر ئەو بەرێ بکەم، بە ئیجازەی ئێوە
پێمخۆشە کۆبرا مێردم پێ بکات)، دایکم لەوەڵامدا گوتی: قوربان ئێوە ژن و منداڵتان
هەیە و بۆ کوبرا زەحمەتە هەوێی هەبێ''، گفتوکانی نێوان دایکی کوبرا و قازی محەمەد
بەردەوام دەبێت، هێندە کوبرای بەلاوە پەسەند بووە، تەنانەت نەک ئامادە نەبووە
بیباتە ئەو ماڵەی کە میناخان و منداڵەکانی تیدا ژیاون، بەڵکو بەدایکی وتووە، کە
''هەرچی ئێوە پێشنیاری بکەن قبوڵمە، چۆن پێی باش بێ وادەکەم، ئەگەر دەڵێن لە
مهاباد خانووی بۆ دەکڕم، یان دەیبەمە یەکێک لە دێیەکانم''، بەڵام بەو پێیەی دایکی
کوبرا، (گوڵئەندام) خانی دایکی میناخانی هاوسەری قازی ناسیووە، ترساوە لەوەی ئەگەر
بەو پیشنیاری هاوسەرگیرییە ڕازیبێت بەڵایەک بەسەر کچەکەیدا بهێنێت.
مینا خان بووە دوژمنم:
هەربۆیە بڕیار دەدەن ئەم داخوازییە
بە نهێنی بمێنێتەوە و کەس ئاگادار نەبێت، بەڵام بە هەر ڕێگە و شێوازێک بووە ئەم
دەربڕینی خۆشەویستی و داخوازیەی کوبرا دەگاتەوە بە مینا خانی هاوسەری قازی محەمەد،
بێگومان ئاسان نییە بۆ ژنێک کە هاوسەرەکەی خۆشەویستی بۆ کەسێکی دیکە دەربڕێت،
بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج و تێڕامانە، وێڕای ئەوەی ئەو ژنی قازی محەمەد بووە و
دواتر دەبێتە سەرۆکی ڕێکخراوی ژنان (یایان)، بەڵام نەیتوانیوە هەستی ژنانەی خۆی و
غیرەکردنی تێپەڕێنێت، بەڵکو ئەمە سەرەتای دوژمنایەتی و ناو زڕاندنی کوبرا دەبێت
لەلایەن مینا خانەوە، بە جۆرێک چەندین چیرۆک و بابەتی ئەخلاقی و پەیوەندی ناشەرعی
بۆ کوبرا لە ناو خەڵکیدا بڵاودەکاتەوە، کار گەیشتۆتە ئەوەی سەرۆکی ڕێکخراوی ژنان
یەکێک لەهاوڕێکانی ڕاسپێرێت تا سیحر و جادوو بە چارشێوەکەیەوە بکات. لێرەوە ئیتر
نەهامەتیەکانی کوبرا دەستپێدەکەن، چونکە لەساڵانی چلەکانی سەدەی ڕابردوودا
بەخشینەوەی تۆمەتی ئەخلاقی بۆ کچێک حاڵەتێکی زۆر قورسە، وەک خۆی ئاماژەی پێدەدا،
گەیشتۆتە ئەو ئاستەی خەڵکی مهاباد چۆن خۆیان لە گوللە دەپاراست، بەهەمان شێوە
خۆیان لە کوبراش دەبوارد، تەنانەت ئەم بارودۆخە خزمەکانی خۆشی گرتۆتەوە، بەشێوەیەک
هەندێکیان لە ژن و کچەکانیانان قەدەغە کردوە، کە هیچ جۆرە پەیوەندییەکیان لەگەڵیدا
هەبێت.
ئەم بارودۆخە برینێک دەبێت تا
ژیانئاوایی کوبرا ساڕێژ نابێت، بڵاوکردنەوەی بوختان و بوونی پەیوەندی ناشەرعی
کوبرا و قازی محەمەد ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر تەشەنەی دەسەند، ئەمەش بۆ کچێکی هەژدە
ساڵانی بێ باوک لەو ساڵانەدا، ژیان و دەرونی وێران دەکات، وەک خۆی لە لاپەرە
(٧٠)دا باسی دیمەنی یەکێک لەو قسەوقسەڵۆکانە دەکات، کە چۆن ئازاری داوە کاتێک
لەگەڵ دایک و خوشکەکانیدا چۆتە گەرماو، دەڵێت: ''زۆربەی ژنان چاویان لێ بز
دەکردمەوە و سەیریان دەکردم، دەتگوت ئینسانیان نەدیووە، هەندێکیشیان دەستیان بە
چپەچپ دەکرد و بەشێکی تریش لەو پەڕی بێشەرمی و بێحەیاییەوە بە چاو لێکردن
قەناعەتیان نەدەکرد لێم دەهاتنە پێشەوە و دەستیان بۆ مەمکم دەبرد کە گوایە من زگم
پڕە، منیش بەچاوێکی فرمێسکاوییەوە، بەبێ جوڵە وەک جیسمێکی بێ رۆح لەبەردەستیان
ڕادەوەستام، بە چاکی دەیانپشکنیم''.
سەرەڕای هەموو تۆمەت و قسانە، بەڵام
کوبرا هەوڵیداوە لە پێناو ئازاردنەدانی دایک و خوشکەکانیدا بە بەهێزی بمێنێتەوە.
لێرەدا دوو نموونەی جیاواز
ناهاوسەنگی دوولای هاوکێشەکە بەرجەستە دەکەن، ژنێک لە پێناو ئازارنەدانی چەند
ژنێکی دیکە، کە دایک و خوشکەکانیەتی، لەبەرامبەر ناوزڕاندن و تۆمەتی ئابڕووچوندا
قوربانی بە ژیان و هەستەکانی خۆی دەدات و خۆڕاگر دەمێنێتەوە. هاوکات ژنێکێکش بەهۆی
هەستی غیرە ژیانی کچێک وێران دەکات و دەگاتە ئەو ئاستەی ناوزڕاندنی ئەخلاقی و
شکاندنی شەرف دەداتە پاڵی. قسە و قسەڵۆکەکان کۆتایی نایەن، لەو ڕووەوە کوبرا لە
لاپەڕە (٧٢)دا دیمەنێکی ناخ هەژێن دەگێڕێتەوە، لە یەکێک لە ڕۆژەکاندا بە کۆڵانێکدا
تێپەڕیوە، کاتێک بەرەو ڕووی ژنێک ڕۆشیتووە کە دەستی منداڵێکی شەش بۆ حەوت ساڵانی
گرتووە و تەنیا چەند هەنگاوێک لەیەکترەوە دوور بوون، لە کوبرای ڕوانیوە و پاشان
ڕووی کردۆتە منداڵەکە و پێی گووتووە: ''ئەوەیە قازی سکی پڕ کردووە''، بەو قسەیە
تەواو تێکچووم، لاقەکانم سست ببوون، لە ناخەوە هەڵتەکام....''.
پەیوەندی من و قازی دوای کۆمار:
ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان خەونێکی
لەمێژینەی کورد بوو، بەتایبەت بۆ خەڵکی مهاباد زۆر جیاوازتر بوو، هەمووان
ئامادەکاری ڕاگەیاندنی ئەم جەژنەیان کردبوو، لەمەیدانی چوارچرا هەمووان بەدڵێکی
خۆشەوە ئامادەبوون، کوبراش وەک هەرکەسێکی دیکە ئامادەی ئەم جەژنی ڕاگەیاندنی
کۆمارە بوو، عەشیرەتی خوشکی کۆبرا لەو کەسانەبوو، کە دیاریکرابوو بۆ پێشکەشکردنی
سروود، هاوکات ئاڵای کوردستان پێشکەشی قازی محەمەد بکات.
کوبرا عەزیمی لە درێژەی
بیرەوەرییەکاندا لە لاپەڕە(٨١) سەبارەت بەو ئاڵایەی کوردستان کە لە مەراسیمەکەدا
پێشکەش بە پێشەوا کرا، دەڵێت: ''ئەو ئاڵا سێ ڕەنگەی کوردستان کە ئەمن بۆ خۆم
گوڵدۆزیم کردبوو و لە ناوەڕاستیدا ڕۆژ، پێنووس و دوو گەنمیش بە دەوریدا، عەشیرەتی خوشکم
کە دە ساڵانە بوو، بە دەستی خۆی بردیە خزمەتی پێشەوا''.
هەرچەندە تەمەنی کۆماری کوردستان
ساوا بوو، بەڵام لەو ماوە کەمەدا کارەکانی جێگەی ستایشکردنن، دەیان کەسی شارەزا و
دڵسۆز کاری جدیان ئەنجامداوە، هەر لەو ڕوانگەیەوە بەهۆی لێهاتوویی و زیرەکییەکەوە،
خانم کوبرا چەند پێشنیارێکی ئاڕاستە بەڕێوبەری پەروەردە و پێشەوا قازی محەمەد
دەکات، یەکێک لەوانە پێشنیاری کردنەوەی باخچەی منداڵانە، داواکارییەکەی دەنێرێت بۆ
پێشەوا، دوای پەسەندکردنی داواکاریەکەی ژنێکی دیکە دەکەن بە بەڕێوبەری پڕۆژەکە،
ئەمەش کوبرا بریندار دەکات، چونکە بیرۆکەی کارەکە هی خۆی بووە.
هەر لەو سەروبەندەدا هەندێک لە ژنان
داوایەک ئاڕاستەی کوبرا دەکەن، کە دەیانەوێت فێری خوێندن و نووسین ببن، کوبراش وەک
ئەرکی سەرشانی خۆی و لێبڕاوانە ئەو داوایە ئاڕاستە (میرزا برایمی نادری) دەکات، کە
بەرپرسی فەرمانگەی پەروردە بوو، بیرۆکەکەی کوبرا بۆ کردنەوەی کۆرسی (ئەکابیر)،
واتە خوێندن بۆ گەورە ساڵان بە پێشەوا ڕادەگەیەنێت، ئەویش پەسەندی دەکات، دەست بە
ناو نووسین دەکرێت و لە سەرەتادا بەگەرموگوڕی ژنان ناوی خۆیان تۆماردەکەن، کە
نزیکەی چل ژن بوون، ڕۆژانە کۆبرا بۆ ماوەی دوو سەعات وانەی پێگوتوونەتەوە، بە
موچەی مانگانەی (سی)تمەن.
پاش ماوەیەک ژنەکان ژمارەیان کەم
دەبێتەوە، تا وای لێدێت کۆرسەکە دادەخرێت، دوای ماوەیەک میرزا برایمی نادری
دوایکردوە کە کوبرا بۆ کارێکی پێویست سەردانی بکات، میرزا برایم لە کاتی
گفتوگۆکەدا دوای لێبوردنی لێدەکات و پێیدەڵێت کە دەبێت موچەکەکەت لەسەر داوای میناخان
ببڕدرێت، لەو بارەتەوە لە لاپەڕە (٩٠)ی کتێبەکەیدا دەڵێت: ''نامەیەکی لە پێش دانام
و قسەشی دەکرد و داوای لێبووردنی کرد، کە ئەو بەشە مووچەیەی بۆ کاری وانە گوتن بە
گەورە ساڵان بووە دەبێ ببڕدرێ، لە هەمانکاتدا گوتی کە ئەوە سێهەمین نامەی مینا
خانمی ژنی پێشەوایە کە داوای بڕینی ئەو مووچەیە دەکات...''
کوبرا دڵی خۆی بەوە دەدایەوە، کە
لەدوای ڕاگەیاندنی کۆمار باردۆخەکە دەگۆڕێت و بوختان و قسەڵۆکەکانیش کۆتاییان
پێدێت، هەرچەندە ڕێکخراوی یایان کە وەک یەکەم ڕێکخراوی ژنان بە سەرۆکایەتی مینا
خانمی ژنی قازی محەمەد دامەزرابوو، دەبوو بۆ پاراستنی مافی ژنان بێت، بەڵام
ڕێکخراوەکە نەک نەیپاراست، بەڵکو ئامرازیش بوو بۆ ئەو سزایانەی ژیانی لێتاڵ
کردبوو، توانج و قسەڵۆک هەر بەردەوام بوو، تا وای لێهات ئەو بوختان و قسانە بوونە
هۆکاری وازهێنانی کوبرا لە ڕێکخراوی یایان، چونکە لەیەکێک لە کۆبوونەوەکاندا کاتێک
کوبرا دەچێت و سڵاو لە ئامادەبووان دەکات، بەلالوتەوە وەڵامی دەدەنەوە، لە نێوان
خۆیاندا سرتەسرت دەکەن، ئەمەش کوبرا زۆر دڵگران دەکات و لە ناخەوە دەیهەژێنێت،
دەڵێت: '' تێگەیشتم کە لەو ڕێکخراوەدا، نەک ڕێگام نادەن هیچ کارێک بکەم و هیچ
جێگایکیشم نییە، بەڵکو خەریکن سووکایەتیشم پێدەکەن و بەتەمان لە دەروونەوە
بمڕووخێنن''.
کوبرا عەزیمی بە کتێبی (مانای ژیانم)
دیوێکی دیکەی خەبات و خۆڕاگریی ڕەگەزی دەسەلمێنێت، لە نێو دێڕەکانی
بیرەوەریەکانیدا بۆمان بەدیار دەخات، هیچ شوێنێک لە کۆمەڵگای کوردیدا بێ
چەوسانەوەی ژنان نییە، تەنانەت ئەگەر یەک پیاویشی لێنەبێت، ئەوا ژنە بەپیاوبووەکان
دەبنە ئامرازی جیاوازی جێندەری و توندوتیژی ڕەگەزی.
ماوەتەوە بڵێم ئەم کتێبی
یادەوەرییانەی مانای ژیانم، یەکێکە لەو کتێبی یادەوەرییانەی بۆ هەمیشە جێی خۆی لە
مێشکمدا کردۆتەوە، ڕاستگۆیی و بوێریی بچووکترین خەسڵەتە ئەگەر ببەخشرێت بەم کتێبە.
سەرچاوە: کوبرای عەزیمی ، مانای
ژیانم ، (ئامادەکردنی) سیمینی ئیفتیخاری ،ماڵی وەفایی، ٢٠٢٠، هەولێر.
نووسەر: ڕاز ئەسعەد