گۆڵپارێزێک لە یارییەکی تۆپی پێی تیپە میللییەکان
لە تورکیا، دوای ئەوەی بە سنگی بەرپەرچی لێدانێکی مامناوەندی دایەوە، کەوتە سەر زەوی
و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا.
گرتەیەکی ڤیدیۆیی ساتەوەختی ڕووداوە لەناکاوەکەی
تۆمار کردووە، کە تێیدا دەردەکەوێت گۆڵپارێزەکە بە سنگی ڕووبەڕووی تۆپێک دەبێتەوە کە
ئاراستەی گۆڵەکەی کرابوو، دواتر تۆپەکە دەگاتە یاریزانێکی دیکە و یارییەکە بەردەوام
دەبێت، بەڵام لەو کاتەدا گۆڵپارێزەکە هاوسەنگی لەدەست دەدات و لە نزیک گۆڵەکەی دەکەوێتە
سەر زەوی و گیان لەدەست دەدات.
میدیاکانی تورکیا ڕایانگەیاندووە کە گۆڵپارێزەکە
ناوی سەڵاحەدین ئەتلییە و تەمەنی ٤٨ ساڵە، لە یاریگایەکی بچووکی تیپە میللییەکان لە
پارێزگای قەهرەمان مەرعەش لە باشووری تورکیا تووشی ئەو ڕووداوە بووە.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە هاوڕێکانی گۆڵپارێزەکە
لەناو یاریگاکەدا فریاگوزاریی سەرەتاییان بۆ ئەنجامداوە تا گەیشتنی ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن،
بەڵام لە کۆتاییدا بەهۆی وەستانی دڵییەوە گیانی لەدەستداوە.
پۆلیس لێکۆڵینەوەی لە ڕووداوەکە دەست پێکردووە
بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا هیچ کام لە یاریزانەکان بەرپرسیارێتییان لە گیانلەدەستدانی ئەو
گۆڵپارێزەدا هەیە یان نا.