نهێنییەک بۆ فێربوونی هەر شتێکی نوێ بەبێ ماندووبوون

AM:09:10:30/03/2026

2220 جار خوێندراوەتەوە

زۆرێک لە ئێمە کاتێک دەمانەوێت فێری زمانێکی نوێ، ئامێرێکی موزیک، یان کارامەیییەکی نوێ ببین، لە سەرەتاوە بە تامەزرۆییەوە دەست پێدەکەین، بەڵام پاش چەند ڕۆژێک دەستبەرداری دەبین، پسپۆڕانی گەشەپێدانی مێشک ئاماژە بەوە دەکەن کە کێشەکە لە نەبوونی کاتدا نییە، بەڵکو لە شێوازی دابەشکردنی کاتدایە.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی " realsimple"، توێژینەوە دەروونییەکان دەریدەخەن کە مێشکی مرۆڤ لە ٢٠ خولەکی یەکەمی هەر چالاکییەکی نوێدا، لەوپەڕی ئامادەیی و فێربووندایە، دوای ئەوە ماندووبوونی دەروونی دەست پێدەکات و تەرکیز کەم دەبێتەوە.

لەم بارەیەوە شارەزایان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە لەو ٢٠ خولەکەدا، مۆبایلەکەت دوور بکەوەرەوە و تەنها سەرنجت لەسەر ئەو شتە بێت کە دەتەوێت فێری بیت، گرنگ نییە چەند خێرا فێر دەبیت، گرنگ ئەوەیە ئەو ٢٠ خولەکە ببێتە بەشێک لە ڕۆتینی ڕۆژانەت، هەروەها دوای تەواوبوونی ٢٠ خولەکەکە، ٥ خولەک پشوو بدە ئەمە ڕێگە بە مێشک دەدات زانیارییەکان بە تەواوەتی وەربگرێت.

کاتێک ڕۆژانە تەنها ٢٠ خولەک تەرخان دەکەیت، مێشکت هەست بە فشار ناکات، بۆیە بەرگری لێ ناکات. ئەمە وا دەکات دوای مانگێک، تۆ نزیکەی ١٠ کاتژمێر فێربوونی چڕ و کوالێتی بەرزت ئەنجام دابێت، کە زۆر کاریگەرترە لەوەی لە ڕۆژێکی هەفتەدا ٣ کاتژمێر بە شەکەتویی بخوێنیت.

پسپۆڕان دەڵێن "فێربوون گەشتێکە نەک پێشبڕکێ، نهێنیی سەرکەوتن لەوەدایە کە ڕێگەیەک بدۆزیتەوە بەردەوام بیت، تەنانەت ئەگەر کاتەکەت زۆر کەمیش بێت".