تەنها بە نۆ خولەک تەندروستیت باشتر بکە

AM:08:47:30/03/2026

1904 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجامدانی تەنها نۆ خولەک ڕاهێنانی سادە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە پاراستنی تەندروستیت لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا.

بەپێی ئەوەی لە ماڵپەڕی "South China Morning Post" بڵاوکراوەتەوە، شارەزایان ڕوونیان کردووەتەوە کە ئەو ڕاهێنانە سادانەی پێیان دەوترێت "Mobility Exercises" یەکێکە لەو بەشە گرنگانەی وەرزش کە زۆر پشتگوێ دەخرێت، سەرەڕای ئەوەی ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە پاراستنی توانای جەستە بۆ جوڵە بە ئاسانی و بەبێ ئازار.

لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا هەندێک جوڵەی ڕۆژانەی سادە وەک چەمانەوە یان سوڕانەوە دەبنە کارێکی سەختتر، ئەمەش بەهۆی ڕەقبوونی جومگەکان و لاوازبوونی ماسولکەکان ڕوودەدات، شارەزایان پێیان وایە کە باشترکردنی نەرمونیانی جەستە تەنها پەیوەندی بە لەشجوانییەوە نییە، بەڵکو یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی تەندروستیش، وەک ئەوەی بتوانیت چالاکییە ڕۆژانەکانت بە ئاسانی ئەنجام بدەیت.

ئەم ڕاپۆرتە ئاماژە بەوە دەکات کە تەرخانکردنی کاتێکی کەم لە ڕۆژدا، کە لە ٩ خولەک زیاتر نەبێت، بۆ ئەنجامدانی ڕاهێنانی سادە دەتوانێت بەشێوەیەکی پلەبەندی باشتربوونی ئەم خاڵانە بەدی بهێنێت وەک نەرمبوونی جومگەکان، باشبوونی جوڵەی بڕبڕەکانی پشت، هاوسەنگی جەستە، کەمکردنەوەی مەترسی پێکان.

شارەزایان جەخت لەوە دەکەنەوە کە بەردەوامبوون گرنگترە لە چڕی ڕاهێنانەکە، چونکە ڕاهێنانی سادەی بەردەوام ئەنجامی باشتر لە ماوەی درێژخایەندا بەدی دەهێنێت.

ئەم جۆرە ڕاهێنانانە پێویستیان بە ئامێری وەرزشی یان هۆڵی لەشجوانی نییە، بەڵکو دەکرێت بە ئاسانی لە ماڵەوە ئەنجام بدرێن، بە تەرکیزکردن لەسەر ناوچە سەرەکییەکانی جەستە.

شارەزایان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئاستەنگی ڕاستەقینە لە سەختی ڕاهێنانەکاندا نییە، بەڵکو لە پابەندبوونی ڕۆژانەدایە. ڕەنگە ئەم ڕاهێنانە سادانە سەرەتا گرنگ دەرنەکەون، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا جیاوازییەکی گەورە دروست دەکەن. هەروەها دووپاتی دەکەنەوە کە پاراستنی توانای جوڵە پەیوەست نییە بە تەمەنەوە، بەڵکو پەیوەستە بە شێوازی ژیان و دەکرێت لە هەر قۆناغێکی تەمەندا باشتر بکرێت.