ئێستا دەتوانرێت تیشکی خۆر لەناو شلەیەکدا پاشەکەوت بکرێت

PM:10:30:29/03/2026

520 جار خوێندراوەتەوە

تیمێکی توێژەر لە زانکۆی کالیفۆرنیا توانییان ڕێگەیەک بدۆزنەوە بۆ گرتنی وزەی خۆر و پاشەکەوتکردنی لە ناو جۆرە گەردێکیتایبەتدا کە وەک پاترییەکی شەحنکەرەوە کار دەکات.

ئەم سیستمە نوێیە لە گۆڤاری "Science"بڵاوکراوەتەوە، پشت بە پانێڵ و وایەر نابەستێت، بەڵکو وزەی خۆر ڕاستەوخۆ دەگۆڕێت بۆ وزەی کیمیایی و لە هەر کاتێکدا پێویست بێت وەک گەرمی دەینێرێتە دەرەوە.

ئەم پێکهاتە نوێیە کە ناوی "پایریمیدۆن"ە سروشتی لە پێکهاتەی DNA و ئەو هاوێنە و چاویلکانەوە وەرگرتووە کە لە بەر تیشکی خۆر ڕەنگیان دەگۆڕێت.

کاتێک تیشکی خۆر بەر ئەم گەردە دەکەوێت، شێوەی دەگۆڕێت و وزەکە لە ناو خۆیدا کۆدەکاتەوە.

نوێن هان، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، دەڵێت ئەم سیستمە دەتوانرێت چەندین جار بەکاربهێنرێتەوە بەبێ ئەوەی کوالیتییەکەی دابەزێت، ئەمەش وایدەکات ببێتە سەرچاوەیەکی پاک و بەردەوامی وزە.

خاڵی سەرنجڕاکێشی ئەم داهێنانە ئەوەیە کە چڕی وزەکەی زۆر لە پاترییەکانی "لیتیۆم" بەهێزترە.

ئەم ماددەیە توانای هەیە هێندە وزە کۆبکاتەوە کە تەنانەت ئاو بکوڵێنێت، کە ئەمەش کارێکی زۆر وزەبەرە.

بە پێچەوانەی پانێڵە خۆرییەکان کە پێویستیان بە پاتری جیاواز هەیە بۆ پاشەکەوتکردن، لێرەدا خودی ماددە شلەکە هەم وزەکە دەگرێت و هەم پاشەکەوتیشی دەکات.

ئەم تەکنەلۆژیایە دەکرێت لە داهاتوودا شۆڕشێک لە سیستەمی گەرمکردنەوەی ماڵان و کارگەکاندا دروست بکات، بەتایبەت لەو کاتانەی کە خۆر بە دەرەوە نییە.