لە شارۆچکەی گیلگیللە وڵاتی کینیا، بازرگانییەکی نایاسایی و نوێ سەری هەڵداوە کە تەنانەت زانایانی
ژینگەناسیی تووشی سەرسوڕمان کردووە.
بە پێی بڵاوکراوەیەکی ماڵپەڕی"BBC"،مێروولەی جۆری
""Giant African Harvester Ant،بووەتە ئامانجی قاچاخچییە نێودەوڵەتییەکان،
بە جۆرێک کە نرخی تەنها یەک شاژنە مێروولە لە بازاڕی ڕەشدا دەگاتە ٢٢٠ دۆلار
ئەم مێروولانە
کە بە ڕەنگە سوورە سەرنجڕاکێشەکەیان و قەبارە گەورەکەیان دەناسرێنەوە، لەلایەن
کۆکەرەوەکانی مێروو لە ئەوروپا و ئاسیا خواستی زۆریان لەسەرە.
هۆکاری ئەم
نرخە گرانەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە تەنها یەک شاژنە مێروولەی پیتێنراو دەتوانێت
بۆ ماوەی چەندین دەیە بژی و بە تەنیا شانشینێکی گەورە لە سەدان هەزار مێروولە
دروست بکات.
قاچاخچییەکان لە وەرزی بارانباریندا، کاتێک
شاژنەکان بۆ زۆربوون لە هێلانە دێنە دەرەوە، ڕاویان دەکەن و لە ناو سرنج و تاقیگەی
بچووکدا دەیانشارنەوە بۆ ئەوەی ڕەوانەی دەرەوەی وڵاتیان بکەن.
پۆلیسی ژینگەی
کینیا ساڵی ڕابردوو دەستی بەسەر ٥٠٠٠ شاژنە مێروولەی زیندوودا گرت کە
ئامادەکرابوون بۆ ناردنە دەرەوە.
تۆمەتبارەکان کە خەڵکی بەلجیکا و ڤێتنام بوون،
مێروولەکانیان لە ناو لۆکەی تەڕدا دانابوو تاوەکو بۆ ماوەی دوو مانگ بە زیندوویی
بمێننەوە.
زانایان هۆشداری دەدەن کە ئەم جۆرە مێروولەیە
ڕۆڵێکی گرنگ لە ژینگەی ڕۆژهەڵاتی ئەفریقادا دەگێڕێت لە ڕێگەی کۆکردنەوەی تۆوەکان و
نۆژەنکردنەوەی خاک، و نەمانیان دەبێتە هۆی تێکچوونی هاوسەنگی سروشت.
دینۆ مارتینز،
زانای مێرووناس، دەڵێت: "ئەم مێروولانە یەکێکن لە نهێنیترین جۆرەکان،
شەڕانگێز نین و بینینی شێوازی کارکردنیان لە ناو قەفەزە شووشەییەکاندا وای کردووە
خەڵکێکی زۆر لە جیهاندا ئارەزووی کڕینیان بکەن."
لە ئێستادا
دەسەڵاتدارانی کینیا چاودێرییەکی توندی ناوچە کشتوکاڵییەکان دەکەن بۆ ڕێگریکردن
لەم بازرگانییە نوێیەی کە پێشتر تەنها بۆ شاخی کەرکەدەن و عاجی فیل دەبیسترا.