زانایان نهێنی نەمانی ئارەزووی خواردن لە کاتی نەخۆشیدا ئاشکرا دەکەن

PM:07:07:29/03/2026

1428 جار خوێندراوەتەوە

توێژینەوەیەکی نوێ وەڵامی ئەو پرسیارە مێژووییەی دایەوە کە بۆچی مرۆڤ کاتێک تووشی نەخۆشی دەبێت، ئارەزووی خواردنی نامێنێت.

بەپێی توێژینەوەیەکی زانکۆی کالیفۆرنیا لە سان فرانسیسکۆ"UCSF"، زانایان بۆیان دەرکەوتووە کە جۆرە خانەیەکی تایبەت لە ناو ڕیخۆڵەدا وەک هەستەوەر کار دەکەن و ڕاستەوخۆ ئاماژە بۆ مێشک دەنێرن تا پرۆسەی خواردن ڕابگرێت.

توێژینەوەکە باس لەوەش دەکات کە خانەکان لە ناو ڕیخۆڵەدا دابەش دەبن بۆ دوو جۆری سەرەکی یەکەمیان "خانەکانی توفت" کە وەک سیخوڕێکی ناوەکی کار دەکەن و بوونی مشەخۆر و میکرۆبەکان دەدۆزنەوە، پاشان لە ڕێگەی ماددەیەکی کیمیاییەوە ئاماژە دەدەنە جۆری دووەم کە "خانەکانی ئینتێرۆکڕۆمافین"نئەم خانانەی دووەمیش ماددەی سێرۆتۆنین دەردەدەن کە دەبێتە هۆی چالاککردنی دەمارەکان و ناردنی پەیامی تێربوون یان هێڵنجدان بۆ مێشک.

پڕۆفیسۆر دەیڤید جولیۆس، خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ و یەکێک لە سەرپەرشتیارانی توێژینەوەکە، ڕوونی دەکاتەوە کە ئەم سیستەمە زۆر بە وردی کار دەکات.

لە سەرەتای تووشبوون بە نەخۆشییەکە، مرۆڤ هەست بە هیچ ناکات، بەڵام کاتێک جەستە دڵنیا دەبێتەوە کە مەترسییەکە گەورەیە، خانەکانی ڕیخۆڵە سیگناڵێکی بەردەوام و بەهێز بۆ مێشک دەنێرن.

ئەمەش هۆکاری ئەوەیە کە نەمانی ئارەزووی خواردن کەمێک دوای دەسپێکی نەخۆشییەکە دەردەکەوێت، چونکە ڕیخۆڵە چاوەڕێ دەکات تا دڵنیا بێتەوە هەڕەشەکە ڕاستەقینەیە.