پشیلە کێوییەکانی ئیسپانیا نێچیرەکانیان دەشۆنەوە پاشان دەیانخۆن

PM:05:40:29/03/2026

3724 جار خوێندراوەتەوە

بۆ یەکەمجار لە مێژووی زانستدا، کامێرا شاراوەکان ڕەفتارێکی دەگمەن و نەبینراویان لە ناو جۆری پشیلەی کێوی "لینکس"ی عیبیریلە وڵاتی ئیسپانیا تۆمار کردووە.

ئەم دۆزینەوەیە کە لە گۆڤاری زانستیی "Ecology" بڵاوکراوەتەوە، تێیدا پشیلە کێوییە مێینەکان پێش خواردنی کەروێشکەکان، دەیانخەنە ناو حەوزە ئاوییەکان و دەیانشۆنەوە، زانایانی تووشی سەرسوڕمان کردووە چونکە پێشتر وا دەزانرا تەنها مەیموون و ڕاکۆنەکان خواردنەکانیان دەشۆنەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٠ بۆ ٢٠٢٦، هەشت حاڵەتی لەم شێوەیە لە ناوچەی "مۆنتێس دی تۆلێدۆ" تۆمار کراوە.

تێیدا بینراوە کە پێنج پشیلەی کێویی مێینەی جیاواز، نێچیرەکانیان دەبەنە سەر حەوزە ئاوییەکان و بۆ ماوەیەک لە ناو ئاودا دەیانهێڵنەوە.

توێژەران ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم ڕەفتارە پەیوەندی بە گەرمای ناوچەکەوە نییە، بەڵکو ئەگەری هەیە جۆرێک بێت لە کلتوری تایبەت بەخۆیان کە لە نێوان دایک و کچەکان یان ئەو مێینانەی لە تەنیشت یەک دەژین گوازرابێتەوە.

زانایان چەند تیۆرێکیان بۆ ئەم کارە داناوە، یەکێکیان ئەوەیە کە ڕەنگە ئەمە یارمەتی گواستنەوەی ئاو بدات بۆ بێچووەکان لە کاتی گۆڕینی ژەمی شیری دایک بۆ گۆشتی ڕەق، یان بۆ ئەوەی گۆشتەکە نەرمتر و تەڕتر بێت بۆ خواردن لە ژێر تیشکی خۆردا.

تاقیکردنەوە سەرەتاییەکان دەریانخستووە کە نوقمکردنی کەروێشکێک لە ناو ئاودا دەبێتە هۆی ئەوەی جەستەی نێچیرەکە ڕێژەیەکی باش لە ئاو بگرێتە خۆی، تەنانەت ئەگەر لە بەر خۆریشدا بێت.

زانایان هیوادارن لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەی زیاترەوە، بزانن ئایا ئەمە تەنها تایبەتە بەم گروپە لە ئیسپانیا یان ڕەفتارێکی گشتییە و تا ئێستا لە چاوەکان دوور بووە.