زیرەکی دەستکرد کۆتایی بە ٢٥ ساڵ ئازاری پیاوێک هێنا

PM:05:34:29/03/2026

56324 جار خوێندراوەتەوە

چیرۆکێکی سەرسوڕهێنەر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەیەکی گەورەی دروست کردووە، دوای ئەوەی گەنجێک بڵاوی کردەوە کە چۆن زیرەکی دەستکرد توانیویەتی نەخۆشییەکی درێژخایەنی مامی بدۆزێتەوە کە بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ پزیشکەکان نەیانتوانیبوو دەستنیشانی بکەن.

مامی ئەم گەنجە کە تەمەنی ٦٢ ساڵە و دانیشتووی وڵاتی هیندستانە، بەدەست شەقیقەیەکی توند و ئازاری بەردەوامی سەرەوە دەیناڵاند، بەڵام تەنها لەو کاتانەی کە بۆ خەوتن ڕادەکشا.

ئەم پیاوە مێژوویەکی پزیشکی ئاڵۆزی هەبوو، لەوانە سستبوونی گورچیلە، شەکرە و پەستانی خوێن، هەروەها جەڵتەی مێشک. سەرەڕای سەردانی کردنی چەندین پزیشکی پسپۆڕی دەمار و ئەنجامدانی چەندین پشکنینی MRI، کەس نەیتوانیبوو هۆکاری ئەو ئازارە بدۆزێتەوە و زۆرجار پزیشکەکان دەیانگەڕاندەوە بۆ ماندووبوون یان هەڵکشانی تەمەن.

گەنجەکە بڕیار دەدات هەموو ڕاپۆرتە پزیشکییەکان و نیشانە وردەکانی مامی بخاتە بەردەم پڕۆگرامی زیرەکی دەستکردی "Claudeپڕۆگرامەکە دوای شیکردنەوەیەکی ورد، سەرنجی بۆ خاڵێکی گرنگ ڕاکێشا: "ئازارەکە تەنها لە کاتی ڕاکشاندا دروست دەبێت".

زیرەکی دەستکرد ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەری زۆرە نەخۆشەکە تووشی "وەستانی هەناسە لە کاتی خەودابووبێت. خێزانەکەش پشتڕاستیان کردەوە کە ئەو پیاوە ٢٥ ساڵە پرخەپڕخی توندی هەیە.

دوای ئەنجامدانی پشکنینی خەو، دەرکەوت کە دەستنیشانکردنەکەی زیرەکی دەستکرد ڕاست بووە.

پزیشکەکان ئامێری "CPAP"یان بۆ بەکار هێنا کە یارمەتی ڕێکخستنی هەناسە دەدات لە کاتی خەودا، و بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر ئازارەکەی سەری دەستبەجێ نەما.

برازاکەی دەڵێت: "زیرەکی دەستکرد نەک هەر نەخۆشییەکەی دۆزییەوە، بەڵکو نەخشەڕێگایەکی وردی بۆ کێشاین کە سەردانی چ پسپۆڕێک بکەین و تەنانەت ڕێنمایی بەکارهێنانی ئامێرەکەشی بە زمانی دایکمان بۆ نووسینەوە."