وڵاتی سعوودیە گەورەترین پڕۆژەی بەفری دەستکرد دروست دەکات

PM:04:48:29/03/2026

3020 جار خوێندراوەتەوە

لە نێوان چیاکانی باکووری ڕۆژئاوای عەرەبستانی سعوودی و لە بەرزاییەکانی "جەبەل ئەلـلەوز"، پڕۆژەیەکی ئەندازیاریی بێوێنە لە ئارادایە کە هەموو یاساکانی سروشت تێدەپەڕێنێت.

لەو شوێنەی کە بەهۆی وشکی و بەرزییەکەیەوە نزیکەی مەحاڵە ئاو تێیدا بوەستێت، دەوڵەتی سعوودیە خەریکی دروستکردنی دەریاچەیەکی دەستکردی گەورەیە لە چوارچێوەی پڕۆژەی "نیۆم" و ناوچەی گەشتیاریی "ترۆجینا".

ئەم ناوچەیە کە ٢٦٠٠ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە، کەشوهەوایەکی تایبەتی هەیە و پلەکانی گەرمی تێیدا ١٠ پلە لە ناوچەکانی دەوروبەری نزمترن، ئەمەش ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی ببێتە یەکەمین ناوەندی خلیسکانی سەر بەفری سروشتی لە ناوچەی کەنداو.

دڵی ئەم پڕۆژە گەورەیە دەریاچەیەکی ئاوی شیرینە کە درێژییەکەی ٢.٨ کیلۆمەترە، وە بۆ ڕاگرتنی ئەم قەبارە زۆرەی ئاو، ئەندازیاران سێ بەنداوی گەورە دروست دەکەن کە یەکێکیان بەرزییەکەی دەگاتە ١٤٥ مەتر.

ئەم دەریاچەیە تەنها بۆ جوانی نییە، بەڵکو دەبێتە چەقی چالاکییە وەرزشییە ئاوییەکان و چەندین هۆتێل و یەکەی نیشتەجێبوونی ناوازە لە دەوری بنیات دەنرێن. یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین بەشەکانی ئەم پڕۆژەیە بینایەکە بە ناوی"The Bow" کە وەک کەوانەیەک بەسەر بەنداوە سەرەکییەکە و دەریاچەکەدا شۆڕ دەبێتەوە و هۆتێل و شوێنی نیشتەجێبوونی تێدایە، کە دیمەنێکی خەیاڵی بە گەشتیاران دەبەخشێت.

کۆمپانیای "وێبیڵد"ی ئیتاڵی کە گرێبەستێکی ٤.٧ ملیار دۆلاری بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە واژۆ کردووە، ئاماژە بەوە دەکات کە زیاتر لە ١٠ هەزار کارمەند و ئەندازیار شەو و ڕۆژ دەخەنە سەر یەک بۆ تەواوکردنی ئەم کارە.

ئەم پڕۆژەیە بەشێکی سەرەکییە لە "دیدگای ٢٠٣٠"ی سعوودیە بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت و پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری.

بڕیار وایە "ترۆجینا" لە ساڵی ٢٠٢٩ میوانداری یارییە زستانەییەکانی ئاسیا بکات، ئەمەش دەبێتە یەکەمجار کە وڵاتێکی بیابانی میوانداری چالاکییەکی وەرزشیی ئاوای سەر بەفر بکات.