١٢ تۆن شوکولاتەی "کیت کات" دزرا

PM:12:50:29/03/2026

2108 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیای نێستڵە ڕایگەیاند کە بارێکی گەورەی شوکولاتەی "کیت کات" لە ئەوروپا دزراوە، کە بڕەکەی بە زیاتر لە ١٢ تۆن دەخەمڵێندرێت، ئەمەش دەنگدانەوەیەکی گەورەی دروست کرد.

کۆمپانیاکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە بارەکە، کە یەکسانە بە ٤١٣ هەزار پارچە، دوای بەجێهێشتنی شوێنی بەرهەمهێنانی لە ئیتاڵیا دزراوە.

وتەبێژێکی براندەکە رایگەیاند "ئێمە هەمیشە هانمان داوە خەڵک پشوویەک لەگەڵ کیت کات وەربگرن، بەڵام وادیارە دزەکان ئەم پەیامەیان بە مانا ڕاستەقینەکەی وەرگرتووە".

بەپێی وتەی کۆمپانیاکە، بارەکە بەرەو ناوەندێکی دابەشکردن دەچوو بۆ ئەوەی بخرێتە بازاڕەکانی ئەوروپاوە، ئاماژەیان بەوەش کردووە کە ئەگەری هەیە ئەم بەرهەمانە لە ڕێگەی کەناڵە نافەرمییەکانی فرۆشتنەوە دەربکەون، بەڵام دەتوانرێت لە ڕێگەی کۆدێکی تایبەت کە لەسەر هەر پارچەیەک هەیە بدۆزرێنەوە.

ئەوەشیان ڕوون کردەوە کە ئەم کۆدانە ڕێگە دەدەن بەرهەمە دزراوەکان بناسرێنەوە ئەگەر بخرێنە بازاڕەوە، بەجۆرێک هەر پرۆسەیەکی سکانکردن دەبێتە هۆی ئاگادارکردنەوەیەک کە یارمەتیدەر دەبێت لە دۆزینەوەی ڕێڕەوی بارەکە.

لە بەرامبەردا، کۆمپانیاکە جەختی کردەوە کە تا ئێستا نەیانتوانیوە شوێنی ئەو بارهەڵگرە دیاری بکەن کە کاڵاکانی دەگواستەوە، ئەمەش لێکۆڵینەوەکانی ئاڵۆزتر کردووە.

جەختی لەوەش کردەوە کە دزینی بارەکان بووەتە ئاستەنگێکی گەورە بۆ کۆمپانیاکان، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم جۆرە تاوانانە ئێستا بە شێوازێکی پێشکەوتووتر ئەنجام دەدرێن هەروەها وتیشی ڕاگەیاندنی ئەم ڕووداوە لە چوارچێوەی بەرزکردنەوەی هۆشیارییە سەبارەت بە مەترسییەکانی ئەم جۆرە تاوانانە کە لە بازاڕەکانی ئەوروپادا ڕوو لە زیادبوونن.