بۆچی هەمیشە دوادەکەویت؟

PM:01:20:28/03/2026

2188 جار خوێندراوەتەوە

ئایا هەمیشە خۆت لە دۆخێکدا دەبینیتەوە کە دواکەوتوویت یان شکست دەهێنیت لە پابەندبوون بە کاتەکانت سەرەڕای هەموو هەوڵەکانت؟، لێرەدا هۆکارەکەی دەخەینەروو.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی "eremnews"، ئەو کەسانەی بە بەردەوامی دوادەکەون ڕەنگە هۆکارەکەی ئەو دیاردەیە بێت کە بە "Time Blindness" دەناسرێت، ئەمە دیاردەیەکی باوە لەنێوان ئەو کەسانەی تووشبووی "تێکچوونی کەمیی سەرنج و فرەجووڵەیی" (ADHD)ـن، بەڵام دەکرێت هەر کەسێکی دیکە تووشی ببێت.

بەپێی وتەی پسپۆڕان، ئەم تێکچوونە وا دەکات کە کەسەکە لەلای قورس بێت بە وردی هەست بە تێپەڕبوونی کات بکات یان ئەو ماوەیە بخەمڵێنێت کە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی پێویستە، ئەمەش لێکدانەوەیە بۆ دواکەوتنی بەردەوام و دواخستنی پابەندییەکان، سەرەڕای پەرۆشییەکی زۆر بۆ ڕێکخستنی کات.

کریستینا لوک، پسپۆڕی تەندروستی دەروونی و تایبەتمەند لە بواری " ADHD" ، ڕوونی دەکاتەوە کە جیاوازی لە تێگەیشتن و هەستکردن بە کات، نیشانەیەکی سەرەکییە لە لای ئەو کەسانەی تووشبوویADHDـن.

دەشڵێت "چارەسەرکردنی ئەمە بەکارهێنانی ئامرازە بینراوەکانە وەک خشتەی پلانە هەفتانە و مانگانەکان و دانانی ئاگادارکەرەوە، کەموکوڕی لە تێگەیشتنی کاتدا تەمبەڵی نییە، بەڵکو جیاوازییەکی تێگەیشتنی دەمارییە و لە ڕووی زانستییەوە سەلمێنراوە".