لە شاری ڤیسبادنی ئەڵمانیا ڕووداوێکی نائاسایی ڕوویدا، کوڕێکی تەمەن
١٥ ساڵ ١٣٠ کیلۆمەتری بڕی تەنها بۆ ئەوەی خۆشەویستەکەی بگەیەنێتە قوتابخانە.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی "oddity central"،
کوڕێکی تەمەن ١٥ ساڵ چووەتە ناو گەراجێکی پاسەکان و دەستی بە کلیلی سەرەکی یەکێک لە
پاسەکان کەوتووە، پاشان بەبێ ئەوەی گومان دروست بکات پاسەکەی لێخوڕیوە، هەرچەندە کامێراکانی
چاودێری ڕووداوەکەیان تۆمار کردبوو، بەڵام کارمەندەکان وایان زانیبوو یەکێک لە شۆفێرەکانە
و بە شێوەیەکی ئاسایی پاسەکەی بردووە.
لە سەرەتادا پۆلیس ئاگادار نەکراوەتەوە، چونکە کۆمپانیاکە پێیوابوو هەڵەیەک
لە لایەن یەکێک لە شۆفێرەکانەوە ڕوویداوە، بەڵام دوای بەدواداچوونی کارمەندەکان، دەرکەوت
پاسەکە بە ڕاستی دزراوە، پۆلیس لە ڕێگەی بەکارهێنانی سیستەمی دیاریکردنی شوێن (GPS)، توانی شوێنی پاسەکە لە شاری کارلسروە دیاری
بکات کە نزیکەی ١٣٠ کیلۆمەتر (٨٠ میل) لە ڤیسبادنەوە دوورە.
زانیارییەکان دەریانخستووە کە کوڕەکە بە پاسەکە چووە بۆ ئەوەی خۆشەویستە
١٤ ساڵانەکەی بگەیەنێتە قوتابخانە، لە کاتی دەستگیرکردنیدا لە ڕێگەی گەڕانەوەدا بووە
بۆ ڤیسبادن، وتەبێژێکی پۆلیس ڕایگەیاند کە لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی بزانرێت
چۆن دەستی بە کلیلەکە گەیشتووە و چۆن توانیویەتی بەو کارامەییە پاسەکە لێ بخوڕێت.
لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوامن لە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە، کوڕەکەش
ڕووبەڕووی چەند تۆمەتێک دەبێتەوە، لەوانە دزین و لێخوڕین بەبێ مۆڵەت.
جێگەی باسە لە ئەنجامی ڕووداوەکەدا هیچ برینداربوونێک تۆمار نەکراوە و
پاسەکەش بەبێ زیان بۆ خاوەنەکەی گەڕێندراوەتەوە.