پیاوێک بۆ پاراستنی خەسووی چی کردووە؟

PM:02:06:23/03/2026

1136 جار خوێندراوەتەوە

پیاوێکی چینی ڕێگەیەکی سادەی دۆزییەوە بۆ دەستەبەرکردنی سەلامەتی خەسووی لە کاتی یەکەم گەشتی ئاسمانیدا بە تەنیا.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی "scmp"، پیاوێک لە شاری شیئان لە پارێزگای شانشی لە باکووری ڕۆژئاوای چین، لە بڵاوکراوەیەکیدا باسی لەوە کردووە کە خەسووی هەمان ئێوارە بە گەشتێکی ئاسمانی بەرەو شاری دالیان لە پارێزگای لیاونینگ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵات بەڕێدەکەوێت.

پیاوەکە ڕوونی کردووەتەوە کە خەسووی تەمەنی نزیکەی ٦٠ ساڵە، نەخوێندەوارە و ناتوانێت زانیارییەکان بخوێنێتەوە یان بە ئاسانی مامەڵە لەگەڵ ڕێکارەکانی گەشتکردن بکات، هەروەها ئەو گەشتەی کە بڕیبووی خزمەتگوزاری تایبەتی بۆ هاوەڵیکردنی بەساڵاچووان تێدا نەبوو.

بەهۆی نیگەرانییە زۆرەکەیەوە، پەنای بردووە بۆ بڵاوکردنەوە و داوای هاوکاری لەو کەسانە کردووە کە لە هەمان گەشتدا بن و نوسیویەتی "تکایە یارمەتی بدەن ئەگەر بینیتان پێی بڵێن کە ئێوە هاوڕێی ئەون".

پیاوەکە تەنیا بەوەوە نەوەستا، بەڵکو تێبینییەکی گەورەی بە جانتای گەشتەکەی خەسوویەوە هەڵواسی کە وردەکاری تەواوی گەشتەکەی تێدابوو، لەگەڵ ڕوونکردنەوەیەک بۆ بارودۆخە تایبەتەکەی و چۆنیەتی یارمەتیدانی لەلایەن کەسانی دیکەوە لە نامەکەدا نووسرابوو "ئەمە یەکەمجارە خەسووم بە تەنیا گەشت دەکات."

هەروەها لە تێبینییەکەدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە ژمارەی ئەو کەسەی لە فڕۆکەخانە پێشوازی لێ دەکات لە گیرفانیدایە، لە ئەگەری هەر بارودۆخێکی لەناکاودا دەتوانرێت (QR code)ـی سەر ئەو کارتە سوورەی کە هەڵیگرتووە سکان بکرێت.

بەڕێکەوت خوێندکارێکی زانکۆ کە تەمەنی ٢١ ساڵە پێش ئەوەی سەرکەوێتە سەر فڕۆکەکە پۆستەکەی بینی بوو، بۆی دەرکەوت کە لە هەمان گەشتدایە بۆیە بڕیاریدا لە تەواوی گەشتەکەدا هاوکاری بکات.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، خوێندکارەکە کە بە ناسناوی "لی" ناسراوە، بە هاوکاری ستافی فڕۆکەکە یارمەتی خانمەکەی دا، بەتایبەت دوای ئەوەی لە کاتی گەشتەکەدا هەستی بە دڵتێکچوون کردبوو.

خوێندکارەکە بڕیاریدا بوو هاوڕێیەتی بکات تاوەکو بە دەستی خۆی ڕادەستی ئەو کەسەی دەکات کە لە فڕۆکەخانە چاوەڕێی دەکرد، کە دەرکەوت کوڕی خانمەکە بووە.

دواتر پیاوەکە پێشنیاری بۆ خوێندکارەکە کرد کە تێچووی گەشتی گەڕانەوەی بۆ قوتابخانەکەی بۆ بدات، بەڵام ئەو ڕەتیکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوەی کردوویەتی تەنیا لە ڕوانگەی مرۆییەوە بووە.

دواتر بڵاوکراوەکەی زیاتر لە ملیۆنێک لایکی کۆکردەوە و ژمارەیەک لە سەرنشینانی ناو فڕۆکەکەش ئەزموونی خۆیان لەگەڵ خانمەکە گێڕایەوە.

پیاوەکە لە نامەیەکی سوپاسگوزاریدا رایگەیاند "سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی یارمەتی دایکمیان دا، جارێکی دیکە بە یارمەتیدانی دایک و باوکی ئێوە پاداشتی ئەم چاکەیە دەدەمەوە."

پیاوەکە ئاشکرای کرد کە زیاتر لە ١١ ساڵە کار بۆ یارمەتیدانی بەساڵاچووان دەکات، دوای ئەوەی دایکی خۆی لە ساڵی ٢٠١٤دا هاوکاری لەلایەن خوێندکارێکی زانکۆوە پێ گەیشتبوو، هەروەها ڕوونی کردەوە کە کارتە سوورەکەی خەسووی هەڵیگرتبوو، بیرۆکەی دیزاینی خۆیەتی و خۆشی کاتێک دەچێتە دەرەوە بۆ گەڕان بەدوای بەساڵاچوواندا کە پێویستیان بە هاوکارییە لە شوێنە گشتییەکاندا دەیپۆشێت، ئەم هاوکاریانەش بریتین لە نیشاندانی ڕێگا، کڕینی بلیت، یارمەتیدانیان لە بەکارهێنانی مۆبایلی زیرەک یان هەڵگرتنی جانتای قورس.